هەواڵی ئەمڕۆ

مسته‌فا كازمی هۆشداری ده‌دات؛ "عێراق روبه‌ڕوی كێشه‌ی راسته‌قینه‌ بوه‌ته‌وه‌"

02:49 - 11/08/2022

5411جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق هۆشداری ده‌دات و ده‌ڵێت، ئاسته‌نگی گه‌وره‌ی سیاسی، ئه‌منی و ئابوری هاتوه‌ته‌ پێش و عێراق له‌ دوای هه‌ڵبژاردن روبه‌ڕوی كێشه‌ی راسته‌قینه‌ بوه‌ته‌وه‌ و پێویسته‌ هه‌موان به‌ گفتوگۆ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

مسته‌فا كازمی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌میانی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، "له‌م كابینه‌دا هه‌موان پێكه‌وه‌ ده‌ستمانپێكرد بۆ ئه‌وه‌ی روبه‌ڕوی ئاڵنگاریه‌كان ببینه‌وه‌و له‌ ئێستادا ئاڵنگاری ئابوری، ئه‌منی، سیاسی و ته‌ندروستی هاتونه‌ته‌ پێشه‌وه‌ و له‌ ماوه‌ی دو ساڵی رابردودا پێكه‌وه‌ كارمانكردوه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی هه‌مو ئاسته‌نگه‌كان".

عێراق لە قۆناغی دوای هەڵبژاردن ڕوبەڕوی کێشەیەکی سیاسی راستەقینە بوه‌ته‌وه‌
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، عێراق لە قۆناغی دوای هەڵبژاردن ڕوبەڕوی کێشەیەکی سیاسی راستەقینە بوه‌ته‌وه‌ و پێویستە چارەسەربکرێت، چارەسەریش پێویستی بە دیالۆگ و دانایی و قوربانیدان هەیە، وەک چۆن ئیمام حوسێن قوربانی داوە بۆ دادپەروەری.
ئەو تەحەدایەی کە ڕوبەڕوی دەبینەوە كاریگه‌ری هه‌بوه‌ لەسه‌ر ئەدای حکومەت و هەمو دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق
كازمی باسی له‌وه‌شكردوه‌، "ئەو تەحەدایەی کە ڕوبەڕوی دەبینەوە كاریگه‌ری هه‌بوه‌ لەسه‌ر ئەدای حکومەت و هەمو دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق، ئەم حکومەتە 28 مانگی بەسەربردوه‌ و جێی داخە لەم ماوەیەدا تەنها بۆ ماوەی شه‌ش مانگ بودجە هەبوه‌، دەوڵەت چۆن دەتوانێت لەغیابی بودجەدا کار بکات؟".
ئێمە بە سەردەمێکی سەختدا تێدەپەڕین و لەگەڵ هەمو ئەمانەدا کارمان کردوە بۆ زاڵبون بەسەر زۆر کێشەدا
ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، "ئێمە بە سەردەمێکی سەختدا تێدەپەڕین و لەگەڵ هەمو ئەمانەدا کارمان کردوە بۆ زاڵبون بەسەر زۆر کێشەدا، چەند ساڵێکە پڕۆژەی هەڵواسراو یان شکستخواردو هه‌ن، کە چەندین ساڵە پلانیان بۆ دانراوە و جێبه‌جێ نه‌كراون، کارمان کردوە بۆ بوژاندنەوەیان و گۆڕینیان بۆ دەرفەت بۆ سەرکەوتن و بنیاتنانەوەی نەخۆشخانە ته‌واونه‌كراوه‌كان و پڕۆژەکانی دیكه‌ی پەیوەندیدار بە کارەبا، نەوت و گاز".
بەهۆی ئەو بارودۆخە سیاسیەوه‌یه‌ کە هەیە، بۆیە چۆن قوتابخانە دروست بکەین
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق وتیشی، "ئێمە ئێستا لە مانگی (ئاب/8)ی 2022داین و بودجە نییە و ناهاوسەنگییەکە لە حکومەتدا نییە، بەڵکو بەهۆی ئەو بارودۆخە سیاسیەوه‌یه‌ کە هەیە، بۆیە چۆن قوتابخانە دروست بکەین و رێگا خۆش بکەین و پرۆژە دروست بکەین بە نەبونی کۆدەنگی سیاسی لەسەر پێکهێنانی حکومه‌ت، كێشه‌كان دروستبون".
مەسەلەی بودجە زۆر جددییە و كێشه‌ی داراییمان هەیە و پێویستە وەبەرهێنان بکەین لەبنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابوری
رونیشیكرده‌وه‌، "مەسەلەی بودجە زۆر جددییە و كێشه‌ی داراییمان هەیە و پێویستە وەبەرهێنان بکەین لەبنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابوری و هێنانەدی داواکاریی عێراقییەکان، ئه‌وان شایەنی ئەوەن وڵاتەکەیان کەرامەتی هاولاتیانی بپارێزێت و خوازیارن منداڵەکانیان لەقوتابخانە باش بخوێنن".

كازمی له‌ په‌یامێكدا بۆ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان وتی، "دیالۆگ تاکە رێگایه‌ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان و هیچی ترمان نییە، پەنابردن بۆ میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاژاوە و نائومێدی لەناو خەڵکدا دروستده‌كه‌ن و پێویسته‌ به‌ ژیری و هۆشیاریه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ین".