هەواڵی ئەمڕۆ

ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری وه‌ڵامی موقته‌دا سه‌در ده‌داته‌وه‌

06:12 - 10/08/2022

5008جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

دوای ئه‌وه‌ی موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌دری داوای له‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری كرد ده‌ستێوه‌ردان بكات و په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌، ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری رایگه‌یاند، "ناتوانێت ده‌ستوه‌ردان له‌ پرسی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بكات، میكانیزمه‌كانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مانیش له‌ مادده‌ی 64ی ده‌ستور دیاریكراون".
 
ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "په‌رله‌مان به‌ زۆرینه‌ی ره‌های ئه‌ندامه‌كانی هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌، ئه‌ویش به‌ دو بژارده‌، یه‌كه‌میان له‌سه‌ر داوای یه‌ك له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامه‌كانی، دوه‌میان له‌سه‌ر داوای سه‌رۆك وه‌زیران و به‌ ڕه‌زامه‌ندی سه‌رۆكی كۆمار ده‌بێت".

دروست نییه‌ هیچ لایه‌نێك چ لایه‌نێكی دادوه‌ری بێت یاخود به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌، چاره‌سه‌ر بسه‌پێنێت بۆ دۆخی چه‌قبه‌ستویی

پێشتریش ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری رایگه‌یاندبو، "دروست نییه‌ هیچ لایه‌نێك چ لایه‌نێكی دادوه‌ری بێت یاخود به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌، چاره‌سه‌ر بسه‌پێنێت بۆ دۆخی چه‌قبه‌ستویی سیاسییه‌كان جگه‌ له‌به‌ر به‌نده‌كانی ده‌ستور، میكانیزمی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش له‌ ده‌قی ماده‌ی 64ی ده‌ستور دیاریكراوه‌". 

موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در په‌یامێكی نوێی له‌باره‌ی دۆخی عێراق و به‌رده‌وامی خۆپیشاندانه‌كان بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، به‌هۆی ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان هه‌مو واده‌ ده‌ستورییه‌كانی تێپه‌ڕاند و نه‌یتوانی سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو هه‌ڵبژێرێت، بۆیه‌ داوا له‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری و دادگای فیدڕاڵی ده‌كات كه‌ له‌ یه‌ك هه‌فته‌دا په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌.

نیشانەکردن

موقته‌دا سه‌در