هەواڵی ئەمڕۆ

بافڵ جەلال تاڵەبانی: پشتیوانی هەر هەنگاوێك دەکەین بۆ گەیشتن بە رێككەوتن و سازان

08:38 - 09/08/2022

2843جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ د.عادل عەبدولمەهدی، سیاسەتمەدار و سەرۆك وەزیرانی پێشوی عێراق کۆبوەوە و رایگەیاند، یەکێتی پشتیوانیی لە هەر هەنگاوێك دەکات كە ئامانج لێی گەیشتن بێت بە رێككەوتن و سازان لەپێناو زاڵبون بەسەر ئەم دۆخە نەخوازراوە، چونکە وڵات پێویستی بە قوڵكردنەوەی گیانی تەبایی و رێككەوتنی نیشتمانییە لەپێناو گەیشتن بە ئامانجە باڵاكان.

جەخت لە زمانی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن كرایەوە لەپێناو زاڵبون بەسەر ئاستەنگییەكان
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی یەکێتیی بڵاویکردەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، ئەمڕۆ سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا چاویکەوت بە د.عادل عەبدولمەهدی، سیاسەتمەدار و سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، لە دیدارێكدا دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەكان و دۆخی ئەمڕۆی عیراق تاوتوێكرا و جەخت لە هەماهەنگی، زمانی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن كرایەوە لەپێناو زاڵبون بەسەر ئاستەنگییەكان و چارەسەركردنی كێشەكان.
ئەركی هەمومانە كار بۆ داهاتویەكی ئارام و سەقامگیر بكەین
لەکۆبونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی پشتیوانیی بۆ هەر هەنگاوێكی دوپاتكردوەتەوە كە ئامانج لێی گەیشتن بێت بە رێككەوتن و سازان لەپێناو زاڵبون بەسەر دۆخی نەخوازراوی وڵات و باسی لەوەکردوە، وڵات پێویستی بە قوڵكردنەوەی گیانی تەبایی و رێككەوتنی نیشتمانییە لەپێناو گەیشتن بە ئامانجە باڵاكان، بۆیە "ئەركی هەمومانە كار بۆ داهاتویەكی ئارام و سەقامگیر بكەین و خزمەتی زیاتری هاوڵاتییانمان بكەین."
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان درێژە بە سیاسەتە حەكیمانەكەی سەرۆك مام جەلال دەدات
لای خۆیەوە د.عادل عەبدولمەھدی ستایشی هەوڵەكانی بافڵ جەلال تاڵەبانی و سیاسەتی یەكێتی كردوە و ئەوەی خستوەتەڕو، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان درێژە بە سیاسەتە حەكیمانەكەی سەرۆك مام جەلال دەدات و ئەمەش ئەو سیاسەتە دروستەیە كە وڵات پێویستییەتی و ئەنجامی دڵخۆشكەری دەبێت.