خەندان-
مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی کونسوڵخانەی بریتانیا لە هەرێم کۆبوەوە و رایگەیاند، سەرۆکایەتی هەرێم جەخت لە بەردەوامیی دیالۆگ، لێکتێگەیشتن و نزیکبونەوەی لایەنەکان دەکاتەوە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگییەکان.
مستەفا سەید قادر ئەمڕۆ سێشەممە پێشوازی لە شاندێكی کونسوڵخانەی بریتانیا لە هەرێمی كوردستان کرد كە لە جەیمی هامیل، جێگری کونسولی گشتی و جەیمس شارلتۆن بەرپرسی کاروباری سیاسی و سالار ئەمین لە کاروباری سیاسیی كونسوڵخانەی بریتانیا پێكهاتبو، لە کۆبونەوەیەكدا دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی عێراق و هەرێمی كوردستان، دۆخی چەقبەستوی سیاسیی عێراق و کاریگەریەكانی بۆ سەر هەولێر و پرسی هەڵبژاردنەکان، گفتوگۆی لەبارەوە کراوە.
لەکۆبونەوەکەدا جەخت لە بەردەوامیی دیالۆگ کرایەوە
سەرۆکایەتی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بە ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە کردوە و ئاماژەی بەوەداوە، لەکۆبونەوەکەدا جەخت لە بەردەوامیی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و نزیکبونەوەی لایەنەکان بۆ دەربازبون لەو دۆخە سیاسییە کرایەوە.
زنجیرەیەک کۆبونەوەمان بۆ سازانی نیشتمانی و دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو ئەنجام داوە
ئەوەش هاتوە، جێگری سەرۆکی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بە هەوڵەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان و تێپەڕاندنی ئاستەنگییەکانی بەردەم پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد. شاندی میوانیش ڕۆڵی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند بەتایبەت کە لە ماوەی ڕابردودا زنجیرەیەک کۆبونەوەیان بۆ سازانی نیشتمانی و دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو ئەنجام داوە.
جەختیان لە گرنگی و بایەخی تەبایی، یەکڕیزی و چاکسازی کردەوە
لە راگەیەنراوی کۆبونەوەکەدا هاتوە، هەردولا جەختیان لە گرنگی و بایەخی تەبایی، یەکڕیزی، چاکسازی و یەکگرتنەوەی پێشمەرگە کردەوە و لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکی هەرێم ئەزمون و ڕۆڵی بریتانیای لە پشتیوانی و یەکخستنی سوپایەکی نیشتمانی بۆ هەرێمی کوردستان، بە گرنگ وەسف کرد.