هەواڵی ئەمڕۆ

كۆمه‌ڵ هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی خۆپیشاندانه‌كان و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان راگه‌یاند

06:13 - 09/08/2022

3257جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئه‌نجومه‌نی باڵای كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی عه‌لی باپیر كۆبوه‌وه‌ و رایگه‌یاند، دەستگیرکردن‌و ڕاوەدونانی چالاکوانانی خەباتی مەدەنیی بە ناڕەوا دەزانن‌و دژی دەوەستنەوەو هەر کەسێک لەسەر ئەو کارانە زیندانیی کرابێ پێویستە هەرچی زوترە ئازاد بکرێت، بەتایبەت زیندانیکراوانی بادینان کە باری تەندروستییان خراپە.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری كوردستان، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌ شاری هه‌ولێر ئه‌نجومه‌نی باڵای حزبه‌كه‌ كۆبوه‌ته‌وه‌ و له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا بارودۆخی ئاڵۆزو شێواوی عێڕاق كه‌ ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌ پێشوه‌خته‌ پڕ له‌ ساخته‌كاریه‌كه‌یه، تاوتوێ كرا‌، ئه‌نجومه‌نی باڵای كۆمه‌ڵ پێشیوایه‌، "پێویسته‌ هه‌مو لایه‌نه‌كان له‌خه‌می به‌رژه‌وه‌ندیی هاوڵاتییاندابن‌و له ‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حزیی‌و شه‌خسییه‌كان وه‌لابنێن‌و، چیتر هاوڵاتییان نه‌كه‌نه‌ قوربانیی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان‌و ناكۆكییه‌كان وه‌لابنێن‌و پرسی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمارو پێكهینانی حكومه‌ت چاره‌سه‌ر بكه‌ن".

وا خه‌ریكه‌ له‌ واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان نزیك ده‌بنه‌وه‌ و تا ئێستا هیچ ئاسه‌وارێكی ئاماده‌كارییه‌كان دیارنیه‌
ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، له‌ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌دا پرسی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان گەنگەشە کرا، كه‌ بڕیار بو ئه‌نجام بدرێ، به‌ڵام به‌هۆی "خه‌مساردیی لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات" وا خه‌ریكه‌ له‌ واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان نزیك ده‌بنه‌وه‌ و تا ئێستا هیچ ئاسه‌وارێكی ئاماده‌كارییه‌كان دیارنیه‌، له‌وپێناوه‌شدا ئه‌نجومه‌نی باڵای كۆمه‌ڵ هه‌مو به‌رپرسیاریه‌تیه‌ك ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی لایه‌نه‌ ده‌سته‌ڵاتداره‌كان كه‌ ده‌بو زه‌مینه‌سازییان بكردبوایه‌ بۆ هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان‌و ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ی كه‌ لایه‌نه‌كان له‌سه‌ری ناكۆكن، بۆیه‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای كۆمه‌ڵ وای ده‌بینێ پێویستبو ئه‌و پرسه‌ له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندییداره‌كانه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێ كه‌ به‌پێی یاسا كارپێكراوه‌كان له‌ ئه‌ستۆی ئه‌واندایه.
دەستگیرکردن‌و ڕاوەدونانی چالاکوانانی خەباتی مەدەنیی بە ناڕەوا دەزانین‌و دژی دەوەستینەوە
له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، "لەسەر پرسی خۆپیشاندان‌و ئازادیی ڕادەربڕین، کۆمەڵی دادگەریی پێیوایە هەمو هاوڵاتییەک مافی خۆیەتی بۆ گەیاندنی داخوازییەکانی‌و دەربڕینی ڕاو بۆچونی خۆی سود لە هەر ڕێگایەکی مەدەنیی وەربگرێت‌و بیگرێتەبەر، وەک خۆپیشاندان‌و گردبونەوەو نوسین، دەستگیرکردن‌و ڕاوەدونانی چالاکوانانی خەباتی مەدەنیی بە ناڕەوا دەزانین‌و دژی دەوەستینەوەو، هەر کەسێک لەسەر ئەو کارانە زیندانیی کرابێ پێویستە هەرچی زووترە ئازاد بکرێت، بەتایبەت زیندانیکراوانی بادینان کە باری تەندروستییان خراپە".