هەواڵی ئەمڕۆ

هێرشی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی توركیا له‌ رۆژئاڤا به‌رده‌وامه‌؛ چوار كه‌س شه‌هیدبون

05:40 - 09/08/2022

2279جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، ئه‌مڕۆ سێشەممە بەلایەنی کەمەوە چوار کەس به‌هۆی بۆردومانی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی توركیاوه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری نه‌خۆشخانه‌یه‌ك له‌ قامیشلۆی رۆژئاڤای كوردستان کوژران.

رامی عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌ری روانگه‌ی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ به‌ ئاژانس فرانس پرێس-ی راگه‌یاند، ئه‌مڕۆ فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانی توركیا بۆردومانی ده‌وروبه‌ری نه‌خۆشخانه‌یه‌كی شاری قامیشلۆی كرد و لانیكه‌م چوار كه‌س كوژران.

له‌ مانگی (ئازار/3)ی ئه‌مساڵه‌وه‌ توركیا هێرشه‌كانی له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ چڕكردوه‌ته‌وه‌
بەپێی ڕوانگەی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، له‌ مانگی (ئازار/3)ی ئه‌مساڵه‌وه‌ توركیا هێرشه‌كانی له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كورد له‌ باكور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا چڕكردوه‌ته‌وه‌، رۆژی شه‌ممه‌ی رابردو (6ی ئابی 2022) ئۆتۆمبێلێکی لە ناوچەی پیشەسازی قامیشلو بە ئامانج گرت و چوار کەسی کوشت، کە دو منداڵ كه‌ برا بون لە شوێنی ئامانجەکە بون.
هێزە ئەمنییەکانی باكور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا شه‌هیدكردنی 13 ئەندامیان بەلایەنی کەمەوە راگه‌یاندوه‌
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) و هێزە ئەمنییەکانی باكور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا شه‌هیدكردنی 13 ئەندامیان بەلایەنی کەمەوە راگه‌یاندوه‌، كه‌ سێ سەرکردەی ژنیان تیادایه‌، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌ی سه‌رۆكه‌كانی توركیا، روسیا و ئێران له‌ 19ی (ته‌موز/7) به‌ڕێوه‌چو.
ئەردۆگان ره‌زامه‌ندی وڵاتانی روسیا و ئێرانی وه‌رنه‌گرتوه‌ بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ناوچه‌كانی ئه‌و ئیداره‌یه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت
شیكه‌ره‌وان ده‌ڵێن، به‌رده‌وامی هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر باكور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا له‌كاتێكدایه‌ كه‌ رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا ره‌زامه‌ندی وڵاتانی روسیا و ئێرانی وه‌رنه‌گرتوه‌ بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ناوچه‌كانی ئه‌و ئیداره‌یه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت.
یه‌كێك له‌ بژارده‌كانی به‌رده‌ستی ئه‌نقه‌ره‌ به‌كارهێنانی هێزی ئاسمانی و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌ بۆ لێدان له‌ هێزه‌ كوردییه‌كان
نیک هێراس، توێژەر لە پەیمانگای نیولاینز له‌ لێدوانێكدا به‌ فرانس پرێس-ی راگه‌یاند، یه‌كێك له‌ بژارده‌كانی به‌رده‌ستی ئه‌نقه‌ره‌ به‌كارهێنانی هێزی ئاسمانی و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌ بۆ لێدان له‌ هێزه‌ كوردییه‌كان، كه‌ ده‌یه‌وێت هێرشیان بكاته‌ سه‌ریان و ئه‌ردۆگان چێژی له‌ رێگه‌پێدانی له‌وباره‌یه‌وه‌ وه‌رگرتوه‌.
هه‌سه‌ده‌  له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا رۆڵی كاریگه‌ری هه‌بو
هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) كه‌ له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ سه‌ركایه‌تی ده‌كرێت له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا رۆڵی كاریگه‌ریان هه‌بو به‌ پشتیوانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی توانیان كۆتایی به‌ خه‌لافه‌تی ئه‌و رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌ بهێنن، كه‌ بونه‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر جیهان، به‌ڵام توركیا هه‌میشه‌ به‌ "تیرۆریست" ناویان ده‌بات و به‌ به‌شێك له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) ناویان ده‌بات كه‌ زیاتر له‌ سێ ده‌یه‌یه‌ له‌گه‌ڵیدا له‌ جه‌نگدایه‌.

لە ساڵی 2011ەوە سوریا له‌ شه‌ڕێكی خوێناویی ناوخۆدایه‌ و تا ئێستا نزیكه‌ی نیو ملیۆن هاوڵاتی له‌و وڵاته‌ كوژراون، جگه‌ له‌ وێرانبونی ژێرخانی وڵاته‌كه‌ و هاوكات ملیۆنان كه‌سیش به‌هۆی جه‌نگه‌وه‌ ئاواره‌ی وڵاتان بون.

نیشانەکردن

رۆژئاوای کوردستان