هەواڵی ئەمڕۆ

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی داعش کۆدەبێتەوە

05:17 - 09/08/2022

1867جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش و هەوڵەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو رێکخراوە کۆبوەوە و جەختیکردەوە کە گروپی چەکدارانی داعش تائێستاش مایەی هەڕەشەیە بۆسەر جیهان.

لەباکوری عێراق بەکارهێنانی درۆنی زیاتر کردوە

ڤلادیمیر ڤۆرۆنکۆڤ، یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ روبەڕوی تیرۆر لەکۆبونەوەکەدا رایگەیاند، نەتەوە یەکگرتوەکان باوەڕی وایە گروپی چەکدارانی داعش تائێستاش مایەی هەڕەشەیە بۆسەر جیهان، بەجۆرێک ئەو رێکخراوە لە چەند ناوچەیەک هێرشەکانیی و لەباکوری عێراقیش بەکارهێنانی درۆنی زیاتر کردوە.

هەوڵ دەدات قەیرانەکان بۆ هێرشی چەکداری بقۆزێتەوە

ئاماژەی بەوەشکرد، داعش بۆ هێرشە سەربازییەکانی و بەئامانجگرتنی هێزە ئەمنییەکان لە عێراق و سوریا سود لە تەکنەلۆژیا وەردەگرێت، هەروەها ئەو رێکخراوە هەوڵ دەدات قەیرانەکان بۆ هێرشی چەکداری بقۆزێتەوە.

داعش لەئێستادا خاوەنی 20 بۆ 25 ملیۆن دۆلارە

پەیوەست بە داهات و سەرمایەی داعشیش، یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ روبەڕوی تیرۆر وتی، بەگوێرەی راپۆرتەکان گروپی چەکدارانی داعش لەئێستادا خاوەنی 20 بۆ 25 ملیۆن دۆلارە.

نیشانەکردن

داعش عێراق سوریا