هەواڵی ئەمڕۆ

وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان: ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری كورد له‌ به‌غدا گرفتیان بۆ هێنانه‌وه‌ی 171 روفات دروستكرد

03:35 - 09/08/2022

1737جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، سه‌رجه‌م ئاماده‌كاریه‌كان بۆ هێنانه‌وه‌ی 171 روفاتی جینۆسایدكراو له‌ گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵی سه‌ماوه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر ته‌واوكران، به‌ڵام چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی كورد له‌ به‌غدا و ژماره‌یه‌ك به‌ناوی كه‌سوكاری قوربانیان، نامه‌ی ناڕه‌زاییان له‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ڕوفاته‌كان دایه‌ ده‌زگای شه‌هیدانی عێراق، به‌مه‌ش گرفتیان بۆ هێنانه‌وه‌ی روفاتی شه‌هیدانی گۆڕه‌به‌كۆمه‌ڵه‌كان دروستكرد.

وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان له‌ ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌، "له‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم، وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان ئه‌ركی گه‌ڕان به‌شوێن چاره‌نوسی قوربانیانی ئه‌و تاوانانه‌ و دۆزینه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان و دواتریش هه‌ڵدانه‌وه‌یان له‌چوارچێوه‌ی تیمی نیشتمانی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌به‌كۆمه‌ڵه‌كانی عێراق، به‌پێی یاسای پاراستنی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان ژماره‌ (5)ی ساڵی ( 2006)، هێنانه‌وه‌ی ڕوفاتی شه‌هیده‌كانی بۆ كوردستان كردۆته‌ پێشینه‌ی كاره‌كانی".

ڕوفاتی 171 شه‌هیدی جینۆسایدكراو بۆ پزیشكی دادی به‌غدا به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی شیكاری گواسترانه‌وه‌

راشیگه‌یاندوه‌، "له‌ساڵی (2019) و له‌كاتی دۆزینه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ له‌ بیابانی سه‌ماوه‌ و به‌ دیاریكراوی له‌ناوچه‌ی (تل الشیخیه‌)، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گۆڕه‌به‌كۆمه‌ڵه‌كانی وه‌زاره‌تمان به‌هه‌ماهه‌نگی ده‌زگای شه‌هیدانی عێراق تیمه‌كانیان نارده‌ شوێنی گۆڕه‌كان و به‌شداربون له‌هه‌ڵدادانه‌وه‌ی گۆڕه‌كان و گواستنه‌وه‌ی ڕوفاتی 171 شه‌هیدی جینۆسایدكراو بۆ پزیشكی دادی به‌غدا به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی شیكاری و گرتنه‌به‌ری ڕێكاره‌ یاسایی و زانستیه‌كان و دواتر هێنانه‌وه‌یان بۆ كوردستان".

به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدان و بڵاوبونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆناوه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك ئه‌و كاره‌ دواكه‌وت 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدان و بڵاوبونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆناوه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك ئه‌و كاره‌ دواكه‌وت و پاش ڕه‌وینه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه‌ وه‌زاره‌تمان به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، ئاماده‌كاری پێویستی ئه‌نجامدا بۆ هێنانه‌وه‌ی شكۆمه‌ندانه‌ی ڕوفاته‌كان و به‌خاكسپاردنه‌وه‌یان له‌ زێدی خۆیان".

بڕیاردرا له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا له‌ڕێوڕه‌سمێكی شایسته‌دا ئه‌و ئه‌ركه‌ نیشتمانیه‌ بگاته‌ ئه‌نجام

ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌، "جارێكی دیكه‌ بۆ هه‌مان مه‌به‌ست، شاندی وه‌زاره‌ت و پزیشكی دادی هه‌ولێر له‌ مانگی (ئادار/3)ی ئه‌مساڵدا سه‌ردانی ده‌زگای شه‌هیدانی عێراقیان كردو گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ كرا و بڕیاردرا له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا له‌ڕێوڕه‌سمێكی شایسته‌دا ئه‌و ئه‌ركه‌ نیشتمانیه‌ بگاته‌ ئه‌نجام، به‌ڵام جێگای داخه‌ كه‌ ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری كورد له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ژماره‌یه‌ك به‌ناوی كه‌سوكاری قوربانیان نامه‌ی ناڕه‌زاییان له‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ڕوفاته‌كان دایه‌ ده‌زگای شه‌هیدانی عێراق، كه‌ ڕازی نین به‌و ڕێكارانه‌ی پێشتر گیراونه‌ته‌به‌ر بۆ هێنانه‌وه‌ی روفاتی شه‌هیدانی گۆڕه‌به‌كۆمه‌ڵه‌كان و شه‌هیدانی جینۆسایدكراو گرفتیان بۆ ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ دروستكرد".

وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان جه‌خت له‌سه‌ر پێویستی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و ڕوفاتانه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ژماره‌یان 171 ڕوفاته‌

ئاشكراشیكردوه‌، "بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ وه‌زیری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ جێگری سه‌رۆك وه‌زیران كرد و تیایدا گفتوگۆی چڕوپڕ له‌م باره‌یه‌وه‌ كرا و وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان جه‌خت له‌سه‌ر پێویستی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و ڕوفاتانه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ژماره‌یان 171 ڕوفاته‌ و هه‌مو ئاماده‌كاریه‌كیشی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئه‌نجامداوه‌ و هه‌وڵه‌كانیش به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ هێنانه‌وه‌ی ئه‌و ڕوفاتانه‌".