هەواڵی ئەمڕۆ

سه‌ركرده‌یه‌كی هاوپه‌یمانی نه‌سر: به‌بێ دیالۆگ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ناكرێت

03:00 - 09/08/2022

1080جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سه‌ركرده‌یه‌كی هاوپه‌یمانی نه‌سر كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات په‌یامێكی ئاراسته‌ی هێزه‌ سیاسییه‌كان كرد و رایگه‌یاند، به‌بێ دیالۆگی نیشتمانی چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سیاسی له‌ عێراق ناكرێت، ته‌نانه‌ت به‌بێ دیالۆگ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ش ناكرێت.

ئه‌حمه‌د ئه‌ڵوه‌ندی سه‌ركرده‌ له‌ هاوپه‌یمانی نه‌سر له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، پێویسته‌ هێزه‌ سیاسییه‌كانی عێراق دیالۆگێكی نیشتمانی ده‌ستپێبده‌كه‌ن كه‌ له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ چاره‌سه‌ری ده‌ستوری له‌سه‌ری رێكبكه‌ون بۆ به‌ڕێوه‌بردنی قۆناغی داهاتو، به‌پێی نه‌خشه‌ڕێگایه‌كی رون، كه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی نوێ و دادپه‌روه‌رانه‌.

هیچ چاره‌سه‌رێك بۆ قه‌یرانی سیاسی نییه‌ به‌بێ بونی دیالۆگێكی گشتگیری نیشتمانی

وتیشی، "هیچ چاره‌سه‌رێك بۆ قه‌یرانی سیاسی نییه‌ به‌بێ بونی دیالۆگێكی گشتگیری نیشتمانی له‌ نێوان هه‌مو هێزه‌ سیاسییه‌كان به‌مه‌به‌ستی داڕشتنی نه‌خشه‌ڕێگایه‌ك بۆ قۆناغی داهاتو، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ یه‌كه‌م هه‌نگاو بۆ چون به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌".

قه‌یران له‌ نێوان ره‌وتی سه‌در و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان سه‌ریهه‌ڵدا

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "قه‌یران له‌ نێوان ره‌وتی سه‌در و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان سه‌ریهه‌ڵدا، له‌ دوای كشانه‌وه‌ی په‌رله‌مانتاره‌كانی ره‌وتی سه‌در له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، دواتریش كه‌ لایه‌نگرانی سه‌در چونه‌ سه‌ر په‌رله‌مان به‌هۆی كاندیدكردنی محه‌مه‌د شیاع سودانی له‌لایه‌ن چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیه‌وه‌، قه‌یرانه‌كان زیاتربون، بۆیه‌ ئێستاش تاگه‌ ڕێگا دیالۆگه‌ بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌".