خەندان-
نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، رایگەیاند، نە پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە و نە هەڵبژاردنی پێشوەختیش ئەنجام دەدرێت، تا پەرلەمان دەست بە کۆبونەوە ئاساییەکانی خۆی نەکاتەوە.
ناتوانرێت هیچ ئیرادەیەك بەسەریدا بسەپێندرێت
نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە وتارێکدا کە بەبۆنەی پێشکەشی کرد رایگەیاند،"عێراق وڵاتێكی فرە پێكهاتەیە و خەڵكەكەی لە پێكهاتە و مەزهەب و نەتەوەی جیاواز پێكهاتوە، هەربۆیە ناتوانرێت هیچ ئیرادەیەك بەسەریدا بسەپێندرێت، تەنها بە ئیرادەی خەڵك نەبێت، كە لە ڕێگەی دامەزراوە دەستورییەكانییەوە و لەلایەن پەرلەمانی هەڵبژێردراوەوە نوێنەرایەتی دەكرێن".
پەرلەمان هەڵناوەشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختەش ئەنجام نادرێت
وتیشی،"پەرلەمان هەڵناوەشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختەش ئەنجام نادرێت، تا ئەوکاتەی پەرلەمان دەست بە دانیشتنە ئاساییەكانی خۆی دەکاتەوە".
ئەمە لەکاتێکدایە، نزیکەی 10 مانگە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق ئەنجامدراوە، بەهۆی ناکۆکی لایەنە سیاسییەکانەوە نەتوانراوە حکومەت پێکبهێندرێت، لەدوای کشانەوەی لە پەرلەمان لەماوەی رابردودا موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر سەرەتای ئەم مانگە لە پەیامێکدا رایگەیاند،" پێویستە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت و پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە".
لەبەرامبەر ئەم هەڵوێستەی سەدر، لایەنە سیاسییەکانی عێراق هەڵوێستی جیاوازیان پیشاندا، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساش کە بەشێکە لە هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی کە هەوڵدەدات حکومەت پێکبهێنێت داواکەی رەتکردەوە و سوربونی خۆی لەسەر کاندیدەکەی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کردەوە.