بۆچی داهاتی سلێمانی کورتدەهێنێت؛ کەی کێشەی موچە و خزمەتگوزاریەکان له‌ سلێمانی کۆتایی دێت

03:40 - 07/08/2022

10647جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مانگانه‌ دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران راده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام له‌ پارێزگای سلێمانی هه‌مو مانگێك به‌شێك له‌ فه‌رمانبه‌ران موچه‌كانیان دواده‌كه‌وێت، به‌رپرسانی حكومه‌تی خۆجێیی سلێمانی ده‌ڵێن، به‌دواداچون ده‌كه‌ن، به‌ڵام هۆكاری كێشه‌كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا كورتهێنانه‌ له‌ داهاتی پارێزگاكه‌دا، په‌رله‌مانتارێكیش ئاشكرای ده‌كات، داهاتی هه‌رێم مانگانه‌ زیاتره‌ له‌ ترلیۆنێك و 200 ملیار دینارە.

ئازاد حه‌مه‌ئه‌مین، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له‌باره‌ی هۆكاری دواكه‌وتنی موچه‌ له‌ پارێزگای سلێمانی كه‌ مانگانه‌ دوباره‌ ده‌بێته‌وه‌، به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "له‌باره‌ی هۆكاری دواكه‌وتنی دابه‌شكردنی موچه‌ لیژنه‌یه‌كمان راسپاردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی راپۆرتێك له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاماده‌بكات، دواتر بڕیار ده‌ده‌ین كه‌ ئایا كۆبونه‌وه‌ی له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت یاخود نوسراو ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و كاروباری ئابوری ده‌كه‌ین".

راسته‌ له‌ هه‌رێم دو زۆنی و دو ئیداره‌ هه‌یه‌، به‌ڵام كێشه‌كه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ حكومه‌تی هه‌رێمەوە هەیە
كاسترۆ مه‌عروف، سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "به‌دواداچونمان كردوه‌ به‌ڵام زانیاری وردمان ده‌ستنه‌كه‌وتوه‌، راسته‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان دو زۆنی و دو ئیداره‌ هه‌یه‌، به‌ڵام كێشه‌كه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانەوە هەیە، پێویسته‌ هاوڵاتیان له‌ هه‌رێم وه‌كو یه‌ك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت و كێشه‌ی دواكه‌وتنی موچه‌ش له‌ سلێمانی چاره‌سه‌ر بكرێت".
وه‌زیری دارایی پێیوتین كاتێك ده‌توانێت وه‌ڵاممان بداته‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران رایبسپێرێت بۆ ئه‌و بابه‌ته‌
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، تا ئێستا هیچ وه‌ڵامێكی پێویستیان له‌باره‌ی هۆكاری كورتهێنانی پاره‌ له‌ سلێمانی ده‌ستنه‌كه‌وتوه‌، به‌ڵام دەڵێت، له‌ رابردوشدا به‌دواداچونیان كردوه‌ و "بێتام بو" ئه‌وه‌نده‌ی نوسراو بۆ وه‌زاره‌تی دارایی له‌باره‌ی داهاتی سلێمانی و هۆكاری كه‌مبونی داهات بکەن، وتیشی، "وه‌زیری دارایی پێیوتین كاتێك ده‌توانێت وه‌ڵاممان بداته‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران رایبسپێرێت بۆ ئه‌و بابه‌ته‌". 
كۆی گشتی داهاتی سلێمانی 378 ملیار دینارە بەڵام خه‌رجی پارێزگاكه‌ زیاتره‌ له‌ 407 ملیار دینار.
به‌پێی ئاماره‌كانی لیژنه‌ی دارایی و ئابوری په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌رچاوه‌ی داهاتی پارێزگای سلێمانی پاره‌ی نه‌وت و داهاتی ناوخۆی پارێزگاكه‌یه‌، كه‌ 288 ملیار دیناری پاره‌ی فرۆشراوی نه‌وت و 90 ملیار دیناری پاره‌ی ناوخۆیه‌ كه‌ له‌ باج و ده‌روازه‌ سنوریه‌كان كۆده‌كرێته‌وه‌، كۆی گشتی داهاتیش ده‌كات 378 ملیار دینار، خه‌رجی پارێزگاكه‌ زیاتره‌ له‌ 407 ملیار دینار.
به‌پێی رێککەوتنێک ته‌كمیله‌ی موچه‌ و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزاریه‌كان به‌ داهاتی پارێزگاكان دەكرێت
عومه‌ر گوڵپی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌نێوان سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت كراوه‌ كه‌ ته‌كمیله‌ی موچه‌ و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزاریه‌كان به‌ داهاتی پارێزگاكان بكرێت، ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌ و حكومه‌ت ده‌بێت یه‌ك خه‌زێنه‌ی هەبێت و ده‌بێت به‌رپرسیارێتی هاوڵاتییه‌كانی له‌ هه‌ر شار و پارێزگایه‌ك له‌ ئه‌ستۆ بگرێت، بەمپێیەش موچه‌ له‌ زاخۆ هەتا هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ هه‌مان میكانزم دابه‌شكبرێت، پارتی و یه‌كێتی هه‌ر ناكۆكییه‌كیان هەبێت له‌سه‌ر داهاتی گومرگی ئه‌وا با ناكۆكییه‌كانیان به‌ یاسا له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران چاره‌سه‌ر بكه‌ن، نه‌وه‌كو خه‌ڵكی سلێمانی ببن به‌ قوربانی". 
هیچ كه‌موكورتییه‌ك له‌ داهاتدا نیه‌ و ده‌بێت سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی خه‌ڵكی سلێمانی بده‌نه‌وه‌
ئه‌و ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی وتیشی، "هیچ كه‌موكورتییه‌ك له‌ داهاتدا نیه‌ و ده‌بێت سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی خه‌ڵكی سلێمانی بده‌نه‌وه‌ بۆچی بانكه‌كانی سلێمانی پاره‌یان تیانیه‌، چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتی هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ و كار به‌ یاسا بكرێت و پاره‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی گشتی و به‌ دادپەروەرانە دابه‌شبكرێته‌وه‌ و واتا ده‌بێت حكومه‌ت به‌رپرسیارێتی هه‌ڵبگرێت".

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ پشت به‌ پاره‌ی فرۆشتنی نه‌وت، داهاتی ناوخۆ (داهاتی نانەوتی)، هاوکاری هاوپەیمانان و 200 ملیار دیناره‌كه‌ی بەغدا ده‌به‌ستێت، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت، بەهۆی پابەندنەبونی بەغداوه‌ بە ناردنی 200 ملیاره‌كه‌ لەکاتی خۆیدا ناتوانن بەشێوەیەکی جێگیر پشت بەو سەرچاوە داهاتە ببەستن.
ئێستا كۆی داهاتی هه‌رێمی كوردستان ترلیۆنێك و 213 ملیار دیناره‌
عومه‌ر گوڵپی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "ئێستا كۆی داهاتی هه‌رێمی كوردستان ترلیۆنێك و 213 ملیار دیناره‌، كۆی خه‌رجییه‌كانیش بۆ موچه‌ مانگانه‌ نزیكه‌ی 920 ملیار دینار پێویسته‌ له‌كاتێكدا زیادیكردوه‌، خه‌رجییه‌كانیش دیكه‌ش به‌ 80 بۆ 100 ملیار دینار ته‌واوده‌بن، واتا كۆی خه‌رجییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم مانگانه‌ ترلیۆنێك تاوه‌كو  ترلیۆنێك ملیار دینار ته‌واو ده‌بن".

كێشه‌ی دابه‌شكردنی موچه‌ ته‌نها كێشه‌ نیه‌ له‌ پارێزگای سلێمانی، به‌ڵكو كێشه‌ی پێنه‌دانی پاره‌ی ده‌رمان به‌ كۆمپانیاكانی ده‌رمان و كۆمپانیاكانی خۆڵ و خاشاك دو كێشه‌ی دیكه‌ن كه‌ ناوه‌ ناوه‌ سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، به‌ڵام هێشتا دیارنیه‌ پلامی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئیداره‌ی خۆجێیی سلێمانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان چیه‌ و كه‌ی به‌ته‌واوه‌تی بنه‌بڕ ده‌كرێن.