حزبی شیوعی: وەڵامدانەوەی داواكارییەكانی جەماوەر باشترین بژاردەیە

11:13 - 06/08/2022

2003جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

حزبی شیوعی كوردستان لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ و دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە چالاکوان و رۆژنامەنوسان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دەستگیرکردنی چالاکوانان و نابێتە هۆكاری بێدەنگكردن و چارەسەری كێشەكان، بەڵكو بەدەنگەوە هاتنی دەزگاكانی حكومەتی هەرێم و وەڵامدانەوەی داواكارییەكانی جەماوەر، باشترین بژاردەیە بۆ بەرەو پێشبردنی كوردستان.

ژمارەیەک چالاكوانی سیاسی لەناوچەی جیاجیا بێ هیچ بڕیارێكی دادوەری دەستگیر کراون
حزبی شیوعی كوردستان ئەمڕۆ شەممە لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، ‎لەگەڵ هەوڵی هەندێك چالاكوانی سیاسی  بۆ سازكردنی خۆپیشاندان لەچەند ناوچەو شارەكانی هەرێم، دەزگاكانی ئاسایش  ژمارەیەك رۆژنامەنوسی كەناڵی ئێن ئاڕ تی  لەسلێمانی، هەولێر و دهۆك دەستگیر دەكەن. هاوكات ژمارەیەك كادیری نەوەی نوێ و چالاكوانی سیاسی لەناوچەی جیاجیا بێ هیچ بڕیارێكی دادوەری دەستگیر دەكرێن.
جەخت لەسەر مافی هاوڵاتیان لە ئازادی كاری سیاسی دەکەینەوە 
ئاماژەی بەوەشکردوە، "مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان داوای ئازادكردنی رۆژنامەنوسەكان و كادیرو چالاكوانە سیاسیە دەستگیركراوەكان دەكات و لەهەمان کاتدا جەخت لەسەر مافی هاوڵاتیان لە ئازادی كاری سیاسی و پیشەی رۆژنامەنوسی و پاراستنی بنەماكانی دیموكراسی دەكاتەوە".
وەڵامدانەوەی داواكارییەكانی جەماوەر باشترین بژاردەییە بۆ بەرەو پێشبردنی كوردستان
حزبی شیوعی كوردستان لەبارەی وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی گردبونەوەکەش ئەوەی خستوەتەڕو، دەستگیرکردنی چالاکوانان و نابێتە هۆكاری بێدەنگكردن و چارەسەری كێشەكان، بەڵكو "بەدەنگەوە هاتنی دەزگاكانی حكومەتی هەرێم و حزبەكانی ناو ئیئتلافی حكومەت بەوەڵامدانەوەی داواكارییەكانی جەماوەر باشترین بژاردەییە بۆ بەرەو پێشبردنی كوردستان".