هاتوچۆی عێراق پێشنیارێكی نوێ سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری "مراندنی ئۆتۆمبێل" ئاشكراده‌كات

11:10 - 06/08/2022

3027جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی هاتوچۆی عێراق ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ رایگه‌یاند، به‌مه‌به‌ستی سنوردانان بۆ زۆری ژماره‌ی ئۆتۆمبێل و كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغی، پێشنیارێكیان ئاڕاسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردوه‌، به‌مه‌به‌ستی كاراكردنی بڕیاری مراندن و هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێكی كۆن له‌به‌رامبه‌ر پێدانی تابلۆ و تۆماركردنی ئۆتۆمبێلێكی نوێ كه‌ هاورده‌ ده‌كرێت.

عه‌مید زیاد قه‌یسی، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی هاتوچۆی گشتی عێراق رایگه‌یاند، "ئه‌وه‌ی به‌رپرسه‌ له‌ هێنانی ئۆتۆمبێلی هاورده‌كراو بۆ ناو عێراق وه‌زاره‌تی بازرگانی و گومرگ و ده‌سته‌ی خاڵه‌ سنوریه‌كانه‌". 

بڕیاری كابینه‌ی حكومه‌ت ژماره‌ 215 هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ تۆماركردنی ئۆتۆمبێل له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و مراندنی ئۆتۆمبێلێكی دیكه‌
سه‌باره‌ت به‌مراندنی ئۆتۆمبێل، عه‌مید زیاد قه‌یسی وتی، "بڕیاری كابینه‌ی حكومه‌ت ژماره‌ 215 هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ تۆماركردنی ئۆتۆمبێل له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و مراندنی ئۆتۆمبێلێكی دیكه‌، هه‌روه‌ها بڕیاری ژماره‌ 432 سه‌باره‌ت به‌تۆماركردنی ئۆتۆمبێلی سالۆنی تایبه‌ت، ئۆتۆمبێلی 14 سه‌رنشین، ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر له‌ دو تۆن كه‌متر هه‌یه‌ به‌مه‌رجێك دو دوا مۆدێل بن واته‌ مۆدێلی ساڵه‌كانی 2021 و 2022 بن، دواتر بڕیاری كابینه‌ی حكومه‌ت ژماره‌ 68 ده‌رچو كه‌ رێگه‌ ده‌دات به‌تۆماركردنی ئۆتۆمبێل بۆ هه‌ر پستۆنێك 500 دینار له‌بری مراندنی ئۆتۆمبێل كه‌ ئێستا ئه‌م بڕیاره‌یان جێبه‌جێده‌كرێت".
هاتوچۆی گشتی پێشنیازێكی پێشكه‌ش به‌ ئه‌مینداریه‌تی گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردوه‌، بۆ كاراكردنی بڕیاری 215
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "هاتوچۆی گشتی پێشنیازێكی پێشكه‌ش به‌ ئه‌مینداریه‌تی گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردوه‌، بۆ كاراكردنی بڕیاری 215 سه‌باره‌ت به‌ تۆماركردن و مراندنی ئۆتۆمبێل و له‌ئێستاشدا ئه‌و بڕیاره‌ له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دایه‌ و تا ئێستا له‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران نه‌بۆته‌ بڕیار".

نیشانەکردن

عێراق