پەیامێکی "گرنگ" لە کۆشکی سپیی ئەمریکاوە بۆ هەرێمی کوردستان

09:14 - 06/08/2022

28643جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

برێت مەکگۆرک، رێکخەرى کۆشکى سپى ئەمریکا بۆ کاروبارى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکورى ئەفریقیا لە واشنتن لەگەڵ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیرى پێشمەرگە کۆبوەوە و رایگەیاند، واشنتن دڵنیایی دەدات کە تاوەکو پڕۆسەی یەکخستن و یەکگرتنەوەی هێزەکان باشتر و خێراتر بکرێن، هاوکاری و یارمەتییەکانی ئەمریکاش بۆ پێشمەرگە زیاتر و بەردەوام دەبن.

برێت مەکگۆرک و شۆڕش ئیسماعیل کۆبونەوە 
راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیرى پێشمەرگە، بە یاوەرى فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان، بەیان سامى عەبدولرەحمان، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا و شاندى یاوەرى، لە واشنتن لەگەڵ برێت مەکگۆرک، رێکخەرى کۆشکى سپى بۆ کاروبارى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکورى ئەفریقیا کۆبونەوە. 
جەختیان کردەوە لەسەر پابەندبون بە هاوبەشێتى نێوان ئەمریکا و هەرێمى کوردستان 
ئەوەش هاتوە، هەردولا گفتوگۆی چڕ و بەرهەم داریان لەسەر دۆخی ئێستای ناوچەکە و پڕۆسەی چاکسازی هێزەکانی پێشمەرگە ئەنجام دا، جەختیشیان کردەوە لەسەر پابەندبون بە هاوبەشێتى نێوان ئەمریکا و هەرێمى کوردستان و لەناوبردنى یەکجارەکى رێکخراوى داعش. 
 تا یەکگرتنەوەی هێزەکان باشتر و خێراتر بکرێن، هاوکارییەکانیش زیاتر دەبن 
وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستوەتەڕو، بەشێکی تری کۆبونەوەکە گفتوگۆکردن بو، لەسەر گرنگی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە، دوپاتیش کرایەوە تا هەنگاوەکانی پڕۆسەی یەکخستن و یەکگرتنەوەی هێزەکان باشتر و خێراتر بکرێن، هاوکاری و یارمەتییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان زیاتر و بەردەوام دەبێت.

نیشانەکردن

پێشمەرگە ئەمریکا