خۆپیشاندانەکەی نەوەی نوێ سەرتاسەری نەبو؛ لە هەولێر و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی خۆپیشاندان نەکرا

06:09 - 06/08/2022

5168جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئێوارەی ئەمڕۆ لایەنگرانی نەوەی نوێ لەبەشێک لە شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان گردبونەوە، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردودا جوڵانەوەکە بانگەوازێکی بۆ خۆپیشاندان بڵاوکردەوە، بەڵام لە هەولێر و دهۆک رێگەنەدرا هیچ خۆپیشاندانێک ئەنجام بدرێت.

هاوڵاتیان خۆپیشاندان ئەنجام بدەن بۆ فشارخستنە سەر دەسەڵات
جوڵانەوەی نەوەی نوێ 31ی تەمموز بانگەوازی بۆ خۆپیشاندان لە هەمو ناوچەکانی هەرێم کرد و داواکارییە سەرەکییەکانی بریتیی بون لە رێکخستنەوەی موچە، گێڕانەوەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و هەڵوەشاندنەوەی باج، بۆ ئەو مەبەستەش داوایکردبو هاوڵاتیان خۆپیشاندان ئەنجام بدەن بۆ "فشارخستنە سەر دەسەڵات".
لە هەولێرو دهۆک نەوەی نوێ نەیتوانی لایەنگرانی بهێنێتەسەر شەقام
لە هەولێر، دهۆک و ناوچەکانی دیکەی ژێردەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان نەوەی نوێ نەیتوانی لایەنگرانی بهێنێتەسەر شەقام و هیچ خۆپیشاندانێک ئەنجام نەدرا، هێزە ئەمنییەکانیش رێگرییانکرد لە هەر گردبونەوەیەک کە لایەنگرانی جوڵانەوەکە بیانەوێت بێنەسەر شەقام.
هێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی ئاسایش و خۆپیشاندەران بڵاوەیانپێکراوە
هەروەها لە سلێمانی، سەیدساق، رانیە، کەلار، هەڵەبجە و چەند ناوچەیەکی دیکە کە بەناوچەی سەوز و نیللیی ناسراوە، ژمارەیەک لە لایەنگرانی نەوەی نوێ گردبونەوە و  هێزە ئەمنییەکانیش بۆ پاراستنی ئاسایش و خۆپیشاندەران بڵاوەیانپێکراوە.
 ژمارەیەک پەرلەمانتاری نەوەی نوێ دەستگیرکراوە 
پێش گردبونەوەکەی لایەنگرانی نەوەی نوێ ژمارەیەک پەرلەمانتار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەکە، رۆژنامەنوسی سەر بە میدیای نەوەی نوێ و رۆژنامەنوسی دەزگاکانی دیکەش دەستگیرکراون.
ژمارەیەک سەرکردەی جوڵانەوەکەمان دەستگیرکراون
پەیوەست بە خۆپیشاندانەکانیش جوڵانەوەی نەوەی نوێ راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردوە، ژمارەیەک سەرکردەی جوڵانەوەکەیان دەستگیرکراون، لەسەر ئەو روداوەش تەواوی کۆنسوڵییەت، باڵیۆزی وڵاتان و نەتەوە یەکگرتوەکانیان ئاگادار کردوەتەوە.