تره‌مپ: پێلۆسی به‌سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ تایوان بیانویه‌كی گه‌وره‌ی دایه‌ چین

05:38 - 06/08/2022

2513جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی پێشوی ئه‌مریكا، ڕه‌خنه‌ی له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی نانسی پێلۆسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا بۆ تایوان گرت و به‌ "گه‌مژه‌" وه‌سفی كرد و راشیگه‌یاند، "پێلۆسی به‌و سه‌ردانه‌ بیانویه‌كی دایه‌ چین كه‌ چاوه‌ڕێی ده‌كرد بۆئه‌وه‌ی هێرشبكاته‌سه‌ر تایوان". 

دۆناڵد تره‌مپ  ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ گردبونه‌وه‌یه‌كدا له‌ ویلایه‌تی ویسكۆنسێن رایگه‌یاند، " ئێستا نانسی پێلۆسی شێته‌، لێره‌ چی ڕوده‌دات؟ له‌ تایوان چی ده‌كرد؟ چین خه‌ونی به‌وه‌وه‌ ده‌بینی و پێلۆسیش ئه‌و بیانویه‌ی پێداون كه‌ چاوه‌ڕێیان ده‌كرد".

 له‌ماوه‌ی 25 ساڵی رابردودا پێلۆسی بوه‌ یه‌كه‌م به‌رپرسی باڵای ئه‌مریكا سه‌ردانی تایوان بكات

شه‌وی سێشه‌ممه‌ی رابردو نانسی پێلۆسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا به‌ فڕۆكه‌یه‌كی تایبه‌ت خۆی گه‌یانده‌ تایوان، به‌مه‌ش له‌ماوه‌ی 25 ساڵی رابردودا بوه‌ یه‌كه‌م به‌رپرسی باڵای ئه‌مریكا سه‌ردانی تایوان بكات، له‌كاتێكدا توڕه‌یی به‌رپرسانی چینی لێكه‌وته‌وه‌.

چین گەورەترین مەشقی سەربازی ئەنجام دەدات، کە تا ئێستا لە دەوروبەری تایوان ئەنجامدراوە

چین گەورەترین مەشقی سەربازی ئەنجام دەدات، کە تا ئێستا لە دەوروبەری تایوان ئەنجامدراوە، بۆ نیشاندانی چەکە سەربازی و تەکنەلۆجییەکانی، کە هەندێکیان بۆ یەکەم جار دەردەکەون.

پەکین بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت کە ده‌سه‌ڵاتی خۆی بسەپێنێت بۆ لکاندنی تایوان بە وڵاتەکەی

لە رێگەی ئەم راهێنانانەوە، پەکین بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت کە ده‌سه‌ڵاتی خۆی بسەپێنێت بۆ لکاندنی تایوان بە وڵاتەکەی و هاوكات ئاگادارکردنەوەی واشنتن، کە پشتگیری دورگەی خۆبەڕێوەبەر دەکات.

چین مانۆڕەکانی خۆی لە شه‌ش ئاڕاستە لە دەوروبەری تایوان دەستپێکردوە، کە نزیکەی 20 کیلۆمەتر دورە، وەک وەڵامێکی چین بۆ سەردانەکەی نێنسی پێلۆسی، سه‌رۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ تایوان کە پەکین بە بەشێک لە خاکەکەی دەزانێت.

نیشانەکردن

ئه‌مریكا