سه‌ركرده‌یه‌كی هاوپه‌یمانی فه‌تح: ئه‌گه‌ر حكومه‌ت ره‌زامه‌ندی بدات حه‌شدی شه‌عبی روبه‌ڕوی توركیا ده‌بێته‌وه‌

05:02 - 06/08/2022

1528جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

 

عه‌لی فه‌تلاوی سه‌ركرده‌ له‌ هاوپه‌یمانی فه‌تح ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عێراق نه‌توانێت وه‌ڵامی سه‌ربازی بداته‌وه‌، حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی به‌رخۆدان ئاماده‌ن، دوای وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی له‌ حكومه‌تی عێراق له‌ ڕوی سه‌ربازییه‌وه‌ وه‌ڵامی ده‌ستدرێژییه‌كانی توركیا بده‌نه‌وه‌.

عه‌لی فه‌تلاوی له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئاژانسی "المعلومه‌" رایگه‌یاند، دوای خستنه‌ڕوی به‌ڵگه‌ و دۆكیۆمێنته‌كان ده‌ركه‌وت، بۆردومانه‌كه‌ له‌لایه‌ن توركیاوه‌ ئه‌نجامدراوه‌، ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ناچاره‌ بڕیارێك ده‌ربكات بۆ ده‌ركردنی هێزه‌كانی توركیا له‌ خاكی عێراق.

هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی به‌رخۆدان ده‌توانن له‌ڕوی سه‌ربازیه‌وه‌ وه‌ڵامی توندی توركیا بده‌نه‌وه‌

وتیشی، "تا ئێستا حكومه‌ت بێده‌نگی هه‌ڵبژاردوه‌، ئه‌گه‌ر ره‌زامه‌ندیش بدات هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی به‌رخۆدان ده‌توانن له‌ڕوی سه‌ربازیه‌وه‌ وه‌ڵامی توندی توركیا بده‌نه‌وه‌".

هێرشه‌كانی توركیا هێشتا به‌رده‌وامن، جارجاره‌ شار و گونده‌كانی عێراق بۆردومان ده‌كه‌ن

ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو، "هێرشه‌كانی توركیا هێشتا به‌رده‌وامن، جارجاره‌ شار و گونده‌كانی عێراق بۆردومان ده‌كه‌ن دوای دانیشتنی ئه‌منی نێوده‌وڵه‌تیش كه‌ سه‌ركۆنه‌ی بۆردومانه‌كه‌ی توركیای كرد، بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌سه‌ر ئاستی ئه‌و تاوانه‌ به‌گوێره‌ی قه‌باره‌ی تاوانه‌كه‌ی توركیا له‌ پارێزگای دهۆك نه‌بو". 

ئامانجی ئه‌و لیژنه‌یه‌ سه‌ركۆنه‌كردنی توركیا و ده‌ركردنی بڕیارێكی دیپلۆماسی نێوده‌وڵه‌تیه‌ بۆ هێزه‌كانی توركیا له‌ عێراق ده‌ربچن

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "چاوه‌ڕوانی دانیشتنی داهاتوی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌نجامه‌كانی ده‌كه‌ین دوای ته‌واوبونی لێكۆڵینه‌وه‌كانی ئه‌و لیژنه‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ نێردراوه‌، له‌كاتێكدا ئامانجی ئه‌و لیژنه‌یه‌ سه‌ركۆنه‌كردنی توركیا و ده‌ركردنی بڕیارێكی دیپلۆماسی نێوده‌وڵه‌تیه‌ بۆ هێزه‌كانی توركیا له‌ عێراق ده‌ربچن".

رۆژی 20ی مانگی رابردو سوپای توركیا تۆپبارانی سنوری سه‌یرانگای په‌ره‌خی له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆی كرد و به‌هۆیه‌وه‌ نۆ كه‌س مردن و 22 كه‌سیش برینداربون كه‌ ژن و منداڵیشیان له‌ناودایه‌.

نیشانەکردن

عێراق تورکیا