خۆراک بەرامبەر سەرباز... پوتین بیر لە پلانێک دەکاتەوە لەگەڵ کۆریای باکور

01:42 - 06/08/2022

8854جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لەبەرامبەر ئەو زیانە مرۆییانەی لە جەنگی ئۆکرانیا پێی گەیشتوە، ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا بیر لە پلانی رێکەوتنێک دەکاتەوە لەگەڵ کۆریای باکور کە بە رێکەوتنی( خۆراک بەرامبەر بە سەرباز) ناودەبرێت، یەکێک لە بەرپرسە بەڵا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەش دەڵێت" نابێت شەرم بکەین لە قبوڵکردنی ئەو دەستی هاوکارییەی کیم جون ئۆن بۆی درێژکردوین".

 ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا بیر لەوەدەکاتەوە کە رێگە بە کیم جون ئون سەرۆکی کۆریای باکور بدات لە جەنگی ئۆکرانیادا هاوکاری بکات

ماڵپەڕی سکای نیوز، ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردوەتەوە،" ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا بیر لەوەدەکاتەوە کە رێگە بە کیم جون ئون سەرۆکی کۆریای باکور بدات لە جەنگی ئۆکرانیادا هاوکاری بکات، ئەمەش بەگوێرەی رێکەوتنێک کە خۆی دەبینێتەوە لە پێشکەشکردنی وزە و دانەوێڵە، لەبەرامبەر وەرگرتنی 100 هەزار سەربازدا".

 لەرێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە، روسیا دەیەوێت ئەو زیانە پڕ بکاتەوە کە لە جەنگی ئۆکرانیادا پێی گەیشتوە

ئاماژەی بەوەشکردوە،"لەرێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە، روسیا دەیەوێت ئەو زیانە پڕ بکاتەوە کە لە جەنگی ئۆکرانیادا پێی گەیشتوە، بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەیە هێزی زیاتر رەوانەی هەردو هەرێمی دۆنێتسک و لۆهانسک بکات".

نابێت شەرم بکەین لە قبوڵکردنی ئەو دەستی هاوکارییەی کیم جون ئۆن بۆی درێژکردوین

هەر لەو چوارچێوەیەدا، عەقید ئیگۆر کۆرۆچینکۆ، شارەزای بەرگری روسیا، رایگەیاندوە،"نابێت شەرم بکەین لە قبوڵکردنی ئەو دەستی هاوکارییەی کیم جون ئۆن بۆی درێژکردوین، ئەگەر خۆبەخشەکانی کۆریای باکور، دەیانەوێت بەو چەک و شارەزاییانەی لەو کەرەستە سەربازیانەی کە دروستکراوی وڵاتەکەیانن بەشداری شەڕەکانمان بکەن، زۆرباشە داوا دەکەین گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵبکەن".

بە دڵنیایەوە گومان لەسەر جێبەجێکردنی ئەم رێکەوتنە هەیە

سەبارەت بەوەی ئەو جۆرە رێکەوتنە ئەگەری جێبەجێکردنی هەیە،  ئێرینا تسۆکرمان، شارەزای ئەمریکی لەکاروباری نێودەوڵەتی و ستراتیژی دەڵێت،"بە دڵنیایەوە گومان لەسەر جێبەجێکردنی ئەم رێکەوتنە هەیە، چونکە گواستنەوەی دەیان هەزار سەربازی بیانی قورسی خۆی هەیە، کە پەیوەندیان بە کێشەی زمان و کەمی ئەزمون لە هەماهەنگی تاکتیکی لەگەڵ هێزەکانی روسیا هەیە".

 ئەو دەوڵەتە دابڕێندراوە زیاتر روبەڕوی لۆمەکردنی نێودەوڵەتی دەبێتەوە

ئاماژەی بەوەشکرد،"هاوکاریکردنی کۆریای باکور، بۆ روسیا مانای تێوەگلان لە جەنگدا لەگەڵ دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری و ئەو دەوڵەتە دابڕێندراوە زیاتر روبەڕوی لۆمەکردنی نێودەوڵەتی دەبێتەوە".

پەیوەندییەکانی هەریەکە لە پیۆنگیانگ و مۆسکۆ بۆ سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت دەگەڕێتەوە، لەدوای هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی روسیا ڤلادیمیر پوتن بۆ یەکەمجار هەوڵیدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە ئاسایی بکاتەوە لەو چوارچێوەیەدا سێ جار چاوی بە کیم جون ئیل سەرۆکی پێشوی ئەو وڵاتە کەوتوە.

لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئۆکرانیا لە 24ی (شوبات/2)ی 2022 ، کۆریای باکور یەکێکە لەو پێنج دەوڵەتەی دژی بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان بە ئیدانەکردنی ئەو هێرشانە دەنگی دا، دواتریش بوە سێیەمین دەوڵەت کە دانی بە سەربەخۆیی دۆنیتسک و لۆهانسک لە رۆژگەڵاتی ئۆکرانیادا نا.