خه‌ندان-
چەند وڵاتێکی عەرەبی و رۆژئاوایی سه‌ركۆنه‌ی ئەو دەستدرێژییەی ئیسرائیلیان کرد بەرامبەر بە کەرتی غەززە، کە بوەهۆی كوژرانی 11 كه‌س كه یه‌كێكیان فه‌رمانده‌یه‌كی باڵای بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی بو، له‌گه‌ڵ برینداربونی 80 كه‌سی دیكه، جگه له زیانه ماددییه‌كان، هاوكات داوا ده‌كرێت هێرشه‌كان بۆ سه‌ر هاوڵاتیان مه‌ده‌نی فەڵەستین بوه‌ستێنرێت.
وەزارەتی دەرەوەی تونس لە بەیاننامەیەکدا بڵاویكرده‌وه، وڵاتەکەی سه‌ركۆنه‌ی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل دەکات بۆ سەر کەرتی غەززەی گەمارۆدراو، کە بوەهۆی كوژرانی ده‌یان كه‌س كه له‌نێویاندا منداڵ هه‌ن.
پێویستە گەرەنتی سەلامەتی گەلی فەڵەستین بکرێت
وەزارەتەکە جەختی لەوەکردەوە، پێویستە گەرەنتی سەلامەتی گەلی فەڵەستین بکرێت و ڕوبەڕوی تاوانەکانی داگیرکەران ببنەوە و ڕێگریان لێبکەن و به‌پێی پەیماننامەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان مامه‌ڵه بكرێت.
جەزائیر ئەو دەستدرێژییە دڕندانەیەی کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە کراوە بەتوندی سه‌ركۆنه دەکات
لەلایەن خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی جەزائیر رایگەیاند، وڵاتەکەی ئەو دەستدرێژییە دڕندانەیەی کە لەلایەن هێزەکانی داگیرکەری ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە کراوە بەتوندی سه‌ركۆنه دەکات و نیگەرانییە ترسناکەکەی بەرامبەر بەو زیادبونە مەترسیدارە دەردەبڕێت.
ئەو هەڵکوتانەی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر هاوڵاتیانی غه‌ززه بە پێشێلکارییەکی ڕون و ئاشکرا دەزانین
وەزارەتی دەرەوەی جەزائیر لە لێدوانێكدا ئەو هەڵکوتانەی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر هاوڵاتیانی غه‌ززه بە "پێشێلکارییەکی ڕون و ئاشکرای هەمو پەیماننامە و بڕیارنامەکانی نێودەوڵەتی" لەقەڵەمداوه.
حكومه‌تی به‌یروت بە توندی سه‌ركۆنه‌ی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دەکات
هاوكات لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی لوبنان سه‌ركۆنه‌ی ئەو دەستدرێژییە دەکات و رایگه‌یاند، حكومه‌تی به‌یروت بە توندی سه‌ركۆنه‌ی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دەکات و داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات دەستتێوەردانی خێرا بکات بۆ راگرتنی دەستبەجێی ئەو دەستدرێژییە.
دەوڵەتی قەتەریش سه‌ركۆنه‌ی توندی ئەو دەستدرێژییەی ئیسرائیل ده‌كات
لایخۆیه‌وه دەوڵەتی قەتەریش سه‌ركۆنه‌ی توندی ئەو دەستدرێژییەی ئیسرائیل ده‌كات و جەخت ده‌كاته‌وه، لەسەر ئەوەی پێویسته کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەپەلە کاربکات بۆ راگرتنی هێرشە دوبارەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر خەڵکی مەدەنی غه‌ززه بەتایبەتی ژنان و منداڵان.
ئێرانیش سه‌ركۆنه‌ی هێرشی دڕندانەی ڕژێمی زایۆنیست بۆ سەر غەززە دەکات
كۆماری ئیسلامی ئێرانیش ناڕه‌زایی ده‌بڕی له به‌رامبه‌ر "هێرشی دڕندانە"ی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، ناسر كه‌نعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاته‌كه لەڕاگەیەندراوێکدا ده‌ڵێت، سه‌ركۆنه‌ی هێرشی دڕندانەی ڕژێمی زایۆنیست بۆ سەر غەززە و کوشتنی سەرکردەکانی بزوتنه‌وه‌ی جیهادی ئیسلامی ده‌كات.
وەزارەتی دەرەوەی میسریش لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند، پەیوەندی چڕ‌وپڕ له‌باره‌ی دۆخی فه‌ڵه‌ستین له‌گه‌ڵ وڵاتان ئه‌نجامده‌دات و به‌توندی سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی قەوارەی زایۆنیستی ده‌كه‌ن كه بوه هۆی كوژرانی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی له غه‌ززه.
قبوڵ ناکرێت کە له هێرشه‌كاندا هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی بكرێنه ئامانج
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکدا بە توندی سه‌ركۆنه‌ی هێرشەکانی ئیسرائیلی کرد بۆ سەر غەزە و وتی، "قبوڵ ناکرێت کە له هێرشه‌كاندا هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی بكرێنه ئامانج".
ئوردنیش داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلی کرد بۆ سەر کەرتی غەززە
وەزارەتی دەرەوەی ئوردنیش داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلی کرد بۆ سەر کەرتی غەززە و داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد دەستتێوەردان بكات بۆ راگرتنی ئەو هێرشانه و چارەسەری کێشەی کەرتی غەززە، به‌دوای دۆزینەوەی ئاسۆیەکی سیاسی ڕاستەقینەدا بگه‌ڕێن بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی دادپەروەرانە.
باڵیۆزخانەی ئیمارات لە تەلئەبیب لە لێدوانێکدا رایگه‌یاند، "پێویستە ئەو هاوڵاتییە ئیماراتیانەی کە لە ئیسرائیل ده‌ژین ئاگاداربن و رێنماییەکانی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل پەیڕەو بکەن".
داوا لە هاوڵاتیانی بەحرەین له ئیسرائیل دەکەین کە ئاگاداربن و رێوشوێنی فەرمی بگرنەبەر
باڵیۆزخانەی بەحرەین لە تەلئەبیبیش باسی لهوهكردوه، "داوا لە هاوڵاتیانی بەحرەین له ئیسرائیل دەکەین کە ئاگاداربن و رێوشوێنی فەرمی بگرنەبەر".
لەلایەن خۆیەوە، تۆر وینسلاند، نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رایگه‌یاند، "هەڵکشانی گرژییه‌كانی غەززە مەترسیدارە و داوا لە هەمو لایەنەکان دەکەم کە زیاتر خۆیان بپارێزن و دان به‌خۆیاندا بگرن، نەتەوە یەکگرتوەکان لەگەڵ هەمو لایەنە پەیوەندیدارەکان کاردەکات بۆ خۆلادان لە هەڵکشانی زیاتر لە غەززە".
دوێنێ هه‌ینی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی سوپای ئیسرائیل چەند ئامانجێکیان لەنێو کەرتی غەززە بۆردومانکرد
دواینیوه‌ڕۆی دوێنێ هه‌ینی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی سوپای ئیسرائیل چەند ئامانجێکیان لەنێو کەرتی غەززە بۆردومانکرد و لە ئەنجامدا، به‌پێی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی كه‌رتی غه‌ززه، 11 کەس كوژران و 80 كه‌سی دیكه‌ش برینداربون، به‌ڵام سوپای ئیسرائیل ده‌ڵێت، لە هێرشەکەیان 15 کەس كوژراون کە زۆربەیان ئەندامی گروپی جیهادی ئیسلامی بون.
داود شیهاب، وتەبێژی جیهادی ئیسلامی رایگەیاند، تیسیر الجعبری، فەرماندەی باڵای لیواکانی ئۆرشەلیم باڵی چەکداری بزوتنه‌وه‌ی جیهادی ئیسلامی له هێرشه‌كه‌ی سوپای ئیسرائیل‌دا كوژراوه، لە بەرامبەردا لیواکانی ئۆرشەلیم زیاتر لە 100 موشەکیان ئاڕاسته‌ی ناوچه جیاوازه‌كانی ئیسرائیل كردوه، لەوانە تەلهئبیب.