خهندان-
نوێنەری زیندانیانی بادینان رایگهیاند، مانگرتنی زیندانیانی بادینان گەیشتوهته قۆناغێکی مەترسیدار و لە مەرگ نێزیک دەبنەوە و لە ھەر حاڵەتێکی نەخوازراودا سکاڵا لەسەر حکومەت تۆمار دەکەن.
ئەیھان سەعید، نوێنەری زیندانیانی بادینان ئهمڕۆ ههینی له راگهیهندراوێكدا كه ئاڕاستهی سێ سهرۆكایهتییهكهی ههرێمی كوردستان، نوێنەرانی وڵاتان لە ھەولێر و بەغداد و رێکخراوە جیھانیەکان و UN و دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ كردوه، رایگهیاند، "رۆژانە ھەواڵی نەخوش کەوتن و لە ھۆشخۆ چون کەسوکارەکانمان پێدەگات و لە مەرگ نێزیک دەبنەوە و لە ئەگەری ھەر حالەتێکی نەخوازراو سکاڵا لە دادگاکانی ھەرێم و بەغداد و نێودەوڵەتیکان لەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان تۆمار دەکەین، چونکە ئەوان لەژێر کۆنترۆلی پارتی و بە ئاشکرا و نانیشتیمانیانەو بە ڕقێکی سیاسی رێگرن لە ئازادبونی کەسوکارەکانمان، ئەگەر یاسا سەروەربێت دەستبەجێ ئازادەکرێن".
لە ڕۆژی 19ی (تهموز/7)ی ئهمساڵ لە ژێر دروشمی "ئازادی یان مردن"یان راگەیاند
ئاماژهی بهوهشكردوه، لە ڕۆژی 19ی (تهموز/7)ی ئهمساڵ لە ژێر دروشمی "ئازادی یان مردن" زیندانیانی بادینان بەشێکی دیکەی سزادراوان لە چاکسازی ھەولێر لە ماگرتنی خواردندان و ڕۆژانە ژمارەیان زیادەبێت و مەترسی جدی لەسەر ژیانیان دروست بوە و بەشێک توشی نەخوشی بونەو لە ھۆش خۆیان دەچن و لە مەرگ نێزیک دەبنەوە، ئەنجومەنی دادوەری و داوکاری گشتیش وەکو تەماشەڤانێک بێدەنگە لەم یاساشکێنی و رێگێری لە جێبەجێکردنی یاسا بەدەست حزب و دەستەڵاتی جێبەجێکردن.
لەڕوی یاساییەوە بەپێی بڕیاری کەمکردنەوەی 60%ی سزاکەیان لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە دەرچوە و پێویستە جێبەجێ بکرێت
نوێنەری زیندانیانی بادینان باسی لهوهشكردوه، "لەڕوی یاساییەوە بەپێی بڕیاری کەمکردنەوەی 60%ی سزاکەیان لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە و بە ڕەچاوکردنی ئازادکردنی مەرجدار (الإفراج الشرطی) ماددەی 331 و 332 و بڕگەی (2) لە یاسای سزادانی عێراقی و یاسای ژمارە 23ی بنەماکانی دادگاییکردنی تاوانەکان پێویستە ئازادبکرێن و سەرباری تەواوکردنی سزاکەیان رێگێری لە ئازادکردنیان دەکرێت، سەرباری پێشتر دو بڕیاری ئازادبونی مەرجدار زیندانیانی ھەمان ماددە یاساییەکەیان گرتوتەوە، بەڵام تا ئێستا داواکاری گشتی ڕا و بڕیاری خۆی لەسەر دوسیەی زیندسنیانی بادینان نادات و وەڵامی بەشی یاسایی چاکسازی نادات بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکانی ئازادبونی زیندانیان".
ئەم دۆسیەیە پرسێکی گشتیە و ئەرکی ھەمو لایەکە بەجددی بھێتە وەڵام و ھەڵوێستیان ھەبێت
ئهوهشی خستوهتهڕو، "ئەم دۆسیەیە پرسێکی گشتیە و ئەرکی ھەمو لایەکە بەجددی بھێتە وەڵام و ھەڵوێستیان ھەبێت، ڕای گشتی، میدیا، داواکاری گشتی و دەستەڵاتی دادوەری، لایەنەکان، و یونامی دەستەی مافی مرۆڤ، نوێنەرانی وڵاتان لەھەرێم و رێکخروە جیھانیەک کار بۆ دیمۆکراسی و ماف و ئازادی بکەن، چونکە ئەو چالاکوانانە لەسەر ڕای جیاواز و خۆپیشاندان و خەباتی مەدەنی سزادراون و ئەمەش مەترسیە بۆ سەر پرۆسەی دیمۆکراسی و ئازادی ڕادەربرین".
نوێنەری زیندانیانی بادینان دهڵێت، "بێجگە لەزیندانیانی بادینان دەیان سزادراوی دیکەی شارەکانی دیکەش لە چاکسازی ھەولێر لە مانگرتندان و چەندین کەسی دیکەش لەسەر بیرۆرای جیاوازی سیاسی ماوەی سێ تا پێنج ساڵی بێ دادگاییکردن لە ئاسایشی گشتی حجزکراون و ئەوانیش لە مانگرتندان".