حكومه‌تی هه‌رێم زانیاری له‌باره‌ی زیادبونی داهاتی باج و گومرگ ده‌خاته‌ڕو

02:17 - 05/08/2022

2379جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، كابینه‌ی نۆیه‌م هه‌نگاوی جدی بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی له‌ سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كاندا هه‌ڵگرتوه‌، چاكسازییه‌كانیش كاریگه‌ری زۆریان له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان و زیادكردنی داهاته‌كان هه‌بوه‌، داهاتی باج و گومرگیش به‌راورد به‌ ساڵانی رابردو چه‌ند به‌رامبه‌ر زیادبوه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ بڕێك له‌ وه‌رگرتنی باج زیاد كرابێت".

له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری بڵاویكرده‌وه‌، "به‌پێی داتاكان له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، داهاتی گومرگ چه‌ند به‌رامبه‌ر زیادیكردوه‌، به‌جۆرێك له‌ ساڵی 2016 داهاتی گومرگ 0.563 تریلیۆن دینار بوه‌، له‌ ساڵی 2017 بوه‌ به‌ 0.746 تریلیۆن دینار و له‌ ساڵی 2018 زیادیكردوه‌ بۆ 0.956 تریلیۆن دینار و له‌ ساڵی 2019 بڕه‌كه‌ بوه‌ به‌ 1.566 تریلیۆن دینار و له‌ ساڵی 2020 بڕه‌كه‌ بوه‌ به‌ 1.408 تریلیۆن دینار و له‌ ساڵی 2021 بۆ 1.691 تریلیۆن دینار زیادیكردوه‌، له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ساڵی2022یش داهاتی گومرگی هه‌رێمی كوردستان 0.848 تریلیۆن دینار بوه‌".

 

هۆكاره‌كانی زیاد بونی داهاتی گومركی بۆ چه‌ند خاڵێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وانیش:
یه‌كه‌م: ئازادكردنی كاری بازرگانی و تڕانزێت.
دوه‌م: نه‌هێشتنی قۆرخكاری.
سێیه‌م: به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی سیسته‌می گومرگ له‌ ده‌روازه‌ و فڕۆكه‌خانه‌كان.
چواره‌م: كردنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی چاودێری گومرگ.

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری باسی له‌وه‌شكردوه‌، "سه‌باره‌ت به‌ زیادبونی داهاتی باج كه‌ هیچ گۆڕانكاریه‌ك له‌ بڕه‌كه‌یدا نه‌كراوه‌، به‌ڵام له‌ ساڵانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم داهاتی باج به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیادبونی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ ئه‌وه‌ش به‌هۆی رێكخستنه‌وه‌ی باج و پابه‌ند كردنی كۆمپانیا گه‌وره‌كان به‌ پێدانی باج".
له‌ ساڵی 2016 دا داهاتی باج 179 ملیار دینار بوه‌، له‌ ساڵی 2017 دا ئه‌و بڕه‌ بۆ 206.6 ملیار دینار و له‌ ساڵی 2018 بۆ 308.5 ملیار دینار زيادبوه

به‌پێی ئامارێكی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، "له‌ ساڵی 2016 دا داهاتی باج 179 ملیار دینار بوه‌، له‌ ساڵی 2017 دا ئه‌و بڕه‌ بۆ 206.6 ملیار دینار و له‌ ساڵی 2018 بۆ 308.5 ملیار دینار و له‌ ساڵی 2019 دا بۆ 627.4 ملیار دینار زیادی كردوه‌، به‌ڵام له‌ ساڵی 2020 به‌هۆی بڵاوبونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا بڕه‌كه‌ی بۆ 578 ملیار دینار كه‌مبوه‌ته‌وه‌ و له‌ ساڵی 2021 یشدا بوه‌ به‌ 796.2 ملیار دینار و ته‌نیا له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2022 یش 418.8 ملیار دینار داهاتی باج له‌ هه‌رێمی كوردستان كۆكراوه‌ته‌وه‌".

 

زیادبونی داهاتی باج بۆ چه‌ند هۆكارێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌وانه‌ش:
یه‌كه‌م: هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی لێخۆشبونه‌ نایاساییه‌كان.
دوه‌م: میكانیزمی نوێ بۆ رێگری كردن له‌ پێدانی باج.
سێیه‌م: ده‌ركردنی رێنمایی و دیاریكردنی سزا.
چواره‌م: جێبه‌جێكردنی یاسای باج وه‌ك خۆی.

نیشانەکردن

حکومەتی هەرێم