نوێنه‌ری سه‌در له‌ وتاری نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو: عێراقیه‌كان هیچ متمانه‌یه‌كیان به‌ به‌رپرسان نه‌ماوه‌

12:22 - 05/08/2022

2009جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

 

موهه‌نه‌د موسه‌وی، نوێنه‌ری سه‌در له‌ وتاری نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو له‌ گۆڕه‌پانی ئاهه‌نگه‌كانی به‌غدای پایته‌خت رایگه‌یاند، "عێراقیه‌كان هیچ متمانه‌یه‌كیان به‌ به‌رپرسان نه‌ماوه‌، گه‌نده‌ڵكاران بونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی شكۆی عێراق له‌كه‌دار بكرێت، ئه‌وه‌ی پێشتریش له‌ ده‌سه‌ڵات شكستی هێنا، جارێكی دیكه‌ بۆی نیه‌ ده‌سه‌ڵات وه‌ربگرێته‌وه‌".

موهه‌نه‌د موسه‌وی له‌وتاری نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتودا رایگه‌یاند، "عێراق بوەته‌ یەكەمین وڵاتی گەندەڵ له‌ژێر سایه‌ی حكومەتە یەك لە دوای یەكەكاندا، به‌جۆرێك ئێستا گه‌یشتوین به‌ئه‌نجامێكی شه‌رمه‌زاركارانه‌ له‌وانه‌ش نه‌مانی هیچ متمانه‌یه‌كی هاوڵاتیان چینی سیاسیه‌كان".

هەرکەسێک پشتگیری چاکسازی نەکات دەبێتە پشتیوانی میلیشیاكان و بڵاوبونه‌وه‌ی زیاتری هه‌ژاری

وتیشی، "هەرکەسێک پشتگیری چاکسازی نەکات دەبێتە پشتیوانی میلیشیاكان و بڵاوبونه‌وه‌ی زیاتری هه‌ژاری، ئێستاش عێراقیه‌كان بۆ داواكردنی ئه‌نجامدانی چاكسازی وه‌ستاون و بزوتنه‌وه‌ی چاکسازی پێویستی به‌ جوڵه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ و گه‌لانه‌، ئێمه‌ش پڕۆژەی چاکسازیمان هەر دەمێنێتەوە، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا هاوسۆزی و پشتیوانی خۆمان له‌گه‌ڵ سه‌در راده‌گه‌یه‌نین سه‌باره‌ت به‌داواكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت".

 مه‌رجه‌عیه‌ت ده‌رگای به‌ڕوی پارته‌ خۆسه‌پێنه‌ سیاسییه‌كاندا داخستوه‌

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "مه‌رجه‌عیه‌ت ده‌رگای به‌ڕوی پارته‌ خۆسه‌پێنه‌ سیاسییه‌كاندا داخستوه‌، ئه‌وه‌ی شكستیهێنا جارێكی دیكه‌ نایه‌ته‌وه‌ ده‌سه‌ڵات و پۆست وه‌رناگرێت، بونی گروپی چه‌كدار له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت و  بڵاوبونەوەی ماددەی هۆشبەر بەرهەمی حیزبە پاوانخوازەکانە".