خه‌ندان-
دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ی جینین بلاسخارت نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان له عێراق له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له حه‌نانه، بڕیاره له‌چه‌ند كاتژمێری داهاتودا هادی عامری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح به‌سه‌ردانێك بگاته نه‌جه‌ف و له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در كۆببێته‌وه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار رایگه‌یاند "هادی توانیویه‌تی كه‌ناڵه‌كانی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در بكاته‌وه و له چه‌ند كاتژمێری داهاتوشدا ده‌گاته حه‌نانه و له سه‌در كۆده‌بێته‌وه بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پرسی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانی عێراق".
هادی عامری له‌لایه‌ن چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی شیعه‌كانه‌وه راسپێردراوه بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ سه‌در
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه باسی له‌وه‌شكرد، "هادی عامری له‌لایه‌ن چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی شیعه‌كانه‌وه راسپێردراوه بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ سه‌در، له میانی كۆبونه‌وه‌كه‌شیدا، بۆچونی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی په‌رله‌مان ده‌خاته‌ڕو".
جینین بلاسخارت نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان له عێراق سه‌ردانی حه‌نانه‌ی كرد
هه‌ر ئه‌مڕۆ جینین بلاسخارت نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان له عێراق سه‌ردانی حه‌نانه‌ی كرد و له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در كۆبوه‌وه.
چوارشه‌ممه‌ی رابردو، موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در په‌یامێكی له‌باره‌ی دۆخی عێراق بڵاوكرده‌وه و رایگه‌یاند، "ئه‌و خوازیاری خوێنڕشتن نیه، به‌ڵام وتوێژیشیان ئه‌زمونكردوه و هیچ سودێكی نه‌بوه، بۆیه داوا ده‌كات ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ئه‌نجام بدرێت".
له‌به‌رامبه‌ریشدا شه‌وی رابردو، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی پشتگیری بۆ داواكاریه‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در سه‌باره‌ت به ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ده‌ربڕی و رایگه‌یاند، به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه سیاسیه‌كان و به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیان، به‌مه‌رجی كۆده‌نگی نیشتمانی و ره‌خساندنی كه‌شێكی گونجاو پشتیوانی له هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ده‌كه‌ن.