نانسی پيڵۆسی: رێگه‌ناده‌ین تایوان گۆشه‌گیر بكرێت

08:31 - 05/08/2022

1718جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

دوای سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ تایوان كه‌ توڕه‌بونی چینی لێكه‌وته‌وه‌، نانسی پيڵۆسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، ئه‌مریكا رێگه‌ نادات چین تایوان داببڕێت، "په‌یوه‌ندیه‌كانیشمان له‌گه‌ڵ چین له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌خساندنی ئاشتیه‌ له‌ تایوان".

نانسی پيڵۆسی له‌ میانی كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ تۆكیۆی پایته‌ختی ژاپۆن رایگه‌یاند، "چین به‌ ڕێگریكردن له‌ چونمان بۆ تایوان، ناتوانن تایوان گۆشه‌گیر بكه‌ن، ئێمه‌ سه‌ردانی ئاست به‌رزمان كردوه‌ و ڕێگه‌ش ناده‌ین تایوان گۆشه‌گیر بكرێت".

هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ وتومانه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تیمان لێره‌دا په‌یوه‌ندی به‌ گۆڕینی دۆخی ئێستاوه‌ نییه‌

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "ئێمه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ وتومانه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تیمان لێره‌دا په‌یوه‌ندی به‌ گۆڕینی دۆخی ئێستاوه‌ نییه‌ له‌ ئاسیا، یان گۆڕینی دۆخی تایوان، به‌ڵكو ئه‌وه‌ تایبه‌ته‌ به‌ یاسای په‌یوه‌ندییه‌كانی تایوان، سیاسه‌تی ئه‌مریكا و چین، هه‌مو ئه‌و یاسا و ڕێككه‌وتنانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ چین به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌مانبه‌ستنه‌وه‌، په‌یوه‌ندی به‌ هێنانی ئاشتییه‌ هه‌یه‌ بۆ گه‌روی تایوان و زاڵكردنی دۆخی ئێستا هه‌یه‌".

له‌ڕوی دیموكراسی و ئابوریه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی فراوان تایوان به‌ره‌وپێشچونی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌

نانسی پيڵۆسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا ستایشی "دیموكراسی گه‌وره‌ و ئابوری گه‌شه‌سه‌ندو"ی تایوان ده‌كات و باسی له‌وه‌شكرد، له‌ڕوی دیموكراسی و ئابوریه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی فراوان تایوان به‌ره‌وپێشچونی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌.

سه‌ردانه‌كه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوی، نانسی پيڵۆسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا بۆ تایوان، توڕه‌بون و ناڕه‌زایه‌تی به‌رپرسانی وڵاتی چینی لێكه‌وته‌وه‌ و سه‌رجه‌م هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانی چینیش خرانه‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشیه‌وه‌.

نیشانەکردن

تایوان ئه‌مریكا