پارێزەری خۆبەخشی جوتیاران: بە پاڵپشتی سەرۆک بەرهەم 308 ملیاری پارەی گەنم دەگاتە هەرێم

12:02 - 05/08/2022

6773جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

پارێزه‌ری خۆبه‌خشی دۆسیه‌ی جوتیارانی كوردستان له‌ به‌غدا له‌په‌یامێكدا سوپاسی سه‌رۆك به‌رهه‌م سه‌رۆك كۆماری عێراق ده‌كات كه‌ هاوكار و پاڵپشتیان بوه‌ بۆ وه‌رگرتنی شایسته‌ داراییه‌كانی ساڵانی 2014 و 2015 و 2016ی جوتیارانی هه‌رێم  و راشیده‌گه‌یه‌نێت، هه‌فته‌ی داهاتو بڕی 308 ملیار دینار كه‌ شایسته‌ی دارایی جوتیارانه‌ ده‌گاته‌ هه‌رێم و دابه‌شده‌كرێت.

به‌شدار حه‌سه‌ن، پارێزه‌ری خۆبه‌خشی دۆسیه‌ی جوتیارانی كوردستان له‌ به‌غدا له‌ په‌یامێكدا بڵاویكرده‌وه‌، به‌ناوی خۆم و مام فارس سه‌رۆكی رێكخراوی جوتیارانی كوردستان سوپاسی بێ پایانی د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق ده‌كه‌ین كه‌ به‌رده‌وام هاوكار و پاڵپشتمان بوه‌ بۆ وه‌رگرتنی شایسته‌ داراییه‌كانی جوتیارانی كوردستان بۆ ساڵانی 2014 و 2015 و 2016، هه‌روه‌ها سوپاسی د. عه‌لا جبوری وه‌زیری بازرگانی ده‌كه‌ین كه‌ هاوكار بوه‌ و ڕێگری نه‌كردوه‌ و هه‌میشه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌كانمان خۆشه‌ویستی خۆی بۆ جوتیارانی كوردستان دوپاتكردۆته‌وه‌.

رۆڵی به‌شێك له‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان و وه‌زیری كوشتوكاڵی كابینه‌ی ئێستا و رابردو ناكرێت له‌ بیر بكه‌ین

راشیگه‌یاندوه‌، "رۆڵی به‌شێك له‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان و وه‌زیری كوشتوكاڵی كابینه‌ی ئێستا و رابردو ناكرێت له‌ بیر بكه‌ین، به‌ چه‌ند قۆناغێك ئه‌و بڕه‌ پاره‌ی ماوه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ 308 ملیار دینار له‌ هه‌فته‌ی داهاتو ده‌گاته‌ كوردستان و به‌سه‌ر جوتیاران دابه‌شده‌كرێت".

پێشتریش، كه‌مال موسلیم، وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتو 100 ملیار دینار پاره‌ی ساڵه‌كانی 2014، 2015، 2016 دابه‌شده‌كرێت و له‌ ماوه‌ی 10 رۆژی دیكه‌شدا 208 ملیاری دیكه‌ش ده‌گاته‌ ده‌ستمان و ته‌واوی پاره‌كه‌ كه‌ 308 ملیار دیناره‌ دابه‌شده‌كرێت.

No description available.