خه‌ندان-
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی رایگه‌یاند، له رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوه‌وه ده‌ست به‌فرۆشتنی تابلۆی پێنج ژماره‌یی ده‌كرێت و هه‌ر هاوڵاتیه‌ك بۆی هه‌یه ته‌نها یه‌ك تابلۆ وه‌ربگرێت، ده‌ستپێكی ژماره‌كانیش له 10 هه‌زار ده‌ستپێده‌كات بۆ 99 هه‌زار و 998، به پیته‌كانی (N-Z) به‌رده‌ست ده‌بێت.
هاتوچۆی سلێمانی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، دوا به‌دوای خستنه به‌رده‌ستی تابلۆی چوار ژماره‌یی، هاتوچۆی سلێمانی بڕیاریدا تابلۆی پێنج ژماره‌یی بخاته به‌رده‌ست بۆ ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی ئاره‌زومه‌ندن بیكڕن و بڕی ڕسوماته‌كه‌ی بریتییه له دو ملیۆن دیناری عێراقی.
دابه‌شكردنی ژماره‌كان به‌هه‌مان میكانیزمی پێش‌و ده‌بێت و له ڕێگه‌ی ماڵپه‌ڕی هاتوچۆی سلێمانییه‌وه داواكاری پێشكه‌ش ده‌كرێت
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، "دابه‌شكردنی ژماره‌كان به‌هه‌مان میكانیزمی پێش‌و ده‌بێت و له ڕێگه‌ی ماڵپه‌ڕی هاتوچۆی سلێمانییه‌وه داواكاری پێشكه‌ش ده‌كرێت، هاتوچۆی سلێمانی له پێناو كارئاسانی زیاتر بۆ هاوڵاتییان سیستمه‌كه‌ی زیاتر به‌ره‌و پێش بردوه‌و له‌دوای پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی داواكارییه‌كه راسته‌وخۆ هه‌مو ئه‌و زانیارییانه‌ی هاوڵاتییه‌كه پڕی ده‌كاته‌وه، له په‌ڕه‌یه‌كدا تۆمار ده‌بن و دواتر له ماڵپه‌ڕه‌كه سه‌ردانی به‌شی به‌دواداچونی مامه‌ڵه ده‌كرێت و هاوڵاتی ده‌توانێت ئه‌و په‌ڕه‌یه چاپ بكات و وه‌ك داواكاری به‌كاریبهێنێت به‌بێ ئه‌وه‌ی دوباره پێویست بكات له ده‌ره‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمان داواكاری بۆ ژماره‌كه‌ی پێشكه‌ش بكات".
كاتی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی داواكاری بۆ تابلۆی پێنج ژماره‌یی له رۆژی شه‌ممه 6ی (ئاب/8)ی 2022 كاتژمێر 8:00ی ئێواره ده‌ستپێده‌كات
ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو، "كاتی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی داواكاری بۆ تابلۆی پێنج ژماره‌یی له رۆژی شه‌ممه 6ی (ئاب/8)ی 2022 كاتژمێر 8:00ی ئێواره ده‌ستپێده‌كات و داواكار بۆ رۆژی دواتر سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمانده‌كات به‌مه‌به‌ستی ته‌واوكردنی مامه‌ڵه‌كه‌ی".
ده‌ستپێكی ژماره‌كان له 10 هه‌زار ده‌ستپێده‌كات بۆ 99 هه‌زار و 998، به پیته‌كانی (N-Z) به‌رده‌ست ده‌بێت
رونیشیكردوه‌ته‌وه، "ده‌ستپێكی ژماره‌كان له 10 هه‌زار ده‌ستپێده‌كات بۆ 99 هه‌زار و 998، به پیته‌كانی (N-Z) به‌رده‌ست ده‌بێت بێجگه له ژماره نایابه دوباره‌بوه‌وه‌كان 11.111 بۆ 99.999، وه‌رگرتنی ژماره‌كانیش بۆ یه‌ك هاوڵاتی ته‌نها یه‌ك ژماره ڕێگه‌پێدراوه و ئه‌گه‌ر هاوڵاتیه‌ك له تابلۆ چوارییه‌كان ژماره‌یه‌كی به ناوه‌وه بێت ناتوانێت داواكاری بۆ تابلۆی پێنج ژماره‌یی به‌ناوی خۆیه‌وه تۆمار بكاته‌وه".