خه‌ندان-
ئه‌ندامێكی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه رایگه‌یاند، ئیئتیلافه‌كه‌یان بۆ ڕازیبون به داواكاریه‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در سه‌باره‌ت به ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت مه‌رجی هه‌یه.
عارف حه‌مامی ئه‌ندامی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا رایگه‌یاند، پێش دوباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه ده‌بێت گۆڕانكاری له حكومه‌تی ئێستا بكرێت، به‌و پێیه‌ی ده‌سه‌ڵاتی نییه، كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنیش ده‌بێت بگۆڕدرێت، هه‌مو ئه‌م خاڵانه ته‌نها به دیالۆگ ده‌كرێن.
ئه‌گه‌ری بردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا له هه‌ڵبژاردنی داهاتو زۆره
وتیشی، "ئه‌گه‌ری بردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا له هه‌ڵبژاردنی داهاتو زۆره، چونكه جه‌ماوه‌ری ده‌وڵه‌تی یاسا جێگیره و به‌رده‌وامیش له زیادبونه".
هێزه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی تا ئێستا سورن له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتو
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه، فازڵ زربیجاوی سه‌ركرده له هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا رایگه‌یاندوه، "هێزه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی تا ئێستا سورن له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتو له‌ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا، هه‌روه‌ها كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران هێشتا محه‌ممه‌د شیاع سودانیه كه پاڵپشتی سیاسی زۆری له‌لایه‌ن سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كانه‌وه وه‌رگرتوه.
دوێنێ چوارشه‌ممه، موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانی كرد و راشیگه‌یاند، "دیالۆگ و گفتوگۆ پێشتر ئه‌زمونكراوه و ئه‌نجامی نه‌بوه".