هادی عامری و موقته‌دا سه‌در بۆ دیاریكردنی شێوازی هه‌ڵبژاردنێكی دیكه‌ی پێشوه‌خت كۆده‌بنه‌وه‌

05:34 - 04/08/2022

2330جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

مه‌هدی ته‌قی ئامرلی سه‌رۆكی كوتله‌ی به‌در له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، هادی عامری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح بوه‌ته‌ نێوه‌ندگیری سه‌لامه‌تی نێوان ره‌وتی سه‌در و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و له‌چه‌ند رۆژی داهاتوشدا له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در كۆده‌بێته‌وه‌.

مه‌هدی ته‌قی ئامرلی ڕایگه‌یاند، "هه‌نگاوه‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در بۆ دوباره‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن پێشوازی لێده‌كرێت، به‌ڵام هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌بێت دوای هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن بێت".

سه‌در متمانه‌ی به‌ عامری هه‌یه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كی باشیان هه‌یه‌

وتیشی،"سه‌در متمانه‌ی به‌ عامری هه‌یه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كی باشیان هه‌یه‌، به‌و پێیه‌ی عامری بوه‌ته‌ نێوه‌ندگیری سه‌لامه‌تی نێوان ره‌وتی سه‌در و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتودا دانوستان و دیالۆگه‌كانی نێوان سه‌در و عامری ده‌ستپێده‌كه‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی شێوازێك بۆ چاره‌سه‌رێك بۆ قه‌یرانی ئێستا".

كۆبونه‌وه‌ی موقته‌دا سه‌در و هادی عامری له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتو ئه‌نجامده‌درێت

له‌لای خۆشیه‌وه‌، مه‌حمود حه‌یانی سه‌ركرده‌ له‌ هاوپه‌یمانی فه‌تح رایگه‌یاندوه‌، كۆبونه‌وه‌ی موقته‌دا سه‌در و هادی عامری له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتو ئه‌نجامده‌درێت، یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌شی رێكخه‌ری كۆبونه‌وه‌كه‌یه‌ حسێن سه‌در  مه‌رجه‌عی ئاینیه‌.

دوێنێ چوارشه‌ممه‌، موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانی كرد و راشیگه‌یاند، "دیالۆگ و گفتوگۆ پێشتر ئه‌زمونكراوه‌ و ئه‌نجامی نه‌بوه‌".