ئەمینداری گشتی ناتۆ هەڕەشە لە روسیا دەکات

02:49 - 04/08/2022

3147جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

جێنس ستۆڵتنبێرگ، ئەمینداری گشتی رێکخراوی هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) راگەیاند، ئەگەر ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا بیر لە هێرشکردنە سەر یەکێک لە دەوڵەتە ئەندامەکانی ناو هاوپەیمانێتییەکەمان بکاتەوە، بەشێوەیەکی بەکۆمەڵ وەڵامی دەدەینەوە.

جەنگی ئۆکرانیا مەترسیدارترین ساتەوەختە

جێنس ستۆڵتنبێرگ لە وتارێکیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بە زمانی نەرویجی پێشکەشیکرد رایگەیاند،"جەنگی ئۆکرانیا مەترسیدارترین ساتەوەختە کە ئەوروپا لەدوای جەنگی جیهانی دوەمەوە بەخۆیەوە بینیەوە، نابێت رێگە بە روسیا بدرێت لەم جەنگەدا براوە بێت".

 ئەرکی ناتۆ و دەوڵەتە ئەندامەکانیەتی هاوکاری هەمیشەیی پێشکەش بە ئۆکرانیا بکەن

ئاماژەی بەوەشکرد،"ئەرکی ناتۆ و دەوڵەتە ئەندامەکانیەتی هاوکاری هەمیشەیی پێشکەش بە ئۆکرانیا بکەن، چ بە چەک چ بە هاوکاری دیکە بۆ ماوەیەکی دور و درێژ، ئەمەش بۆ رێگەگرتن لە سەرکەوتنی روسیا، لەبەرژەوەندی هەموانە شکست بەم جۆرە سیاسەتە شەڕەنگێزانەیە بدەین کە ئەو وڵاتە پەیڕەوی دەکات".

بەخێرایی ناتۆ دەستوەردان دەکات

ئاشکراشیکرد،"ئەگەر ڤلادیمير پوتن تەنها بیر لەوە بکاتەوە کە هێرش بکاتە سەر یەکێک لە دەوڵەتە ئەندامەکانی ناتۆ وەک ئەوەی لە جۆرجیا و مۆڵدۆڤا و ئۆکرانیا کردی، بەخێرایی ناتۆ دەستوەردان دەکات".

ئەمە لەکاتێکدایە هەفتەی رابردو، ڤلادمیر پوتن رایگەیاند، گەر ناتۆ ژێرخانی ئابوری سوید و فینلاند بەهێزبکات لەدوای پەیوەندیکردنیان بە رێکخراوەکەوە، وەک خۆی وەڵامی دەدەینەوە، دوریش نییە بەهۆی پەیوەندیکردنی ئەو دو دەوڵەتە بە ناتۆوە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ مۆسکۆ گرژی تێبکەوێت.