دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیارێکی لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دەرکرد

02:37 - 04/08/2022

34133جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاریدا سکاڵای ئەندامێکی پەرلەمان رەتبکاتەوە کە دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستانی بە "نادەستوریی" ناوبردوە و تۆمەتباریکردبون بە پێشێکردنی ماددەکانی دەستوری عێراق، هەروەها دادگاکە سکاڵایەکیشی دژی پارتی دیموکراتی کوردستان رەتکردەوە.

دادگای فیدڕاڵی دو سکاڵای لەسەر دامەزراوە دەستورییەکانی هەرێم و پارتی رەتکردنەوە 

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، دادگای فیدڕاڵی دو سکاڵای لەسەر دامەزراوە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان رەتکردوەتەوە، کە لەلایەن عەلی شەداد، ئەندامی سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق تۆمارکرابون.

دامەزراوەکانی فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی دەستور و یاسا کار دەکەن

ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری رەتکردنەوەی سکاڵاکەش لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە ئەوەبو کە دامەزراوەکانی فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان دەستوریین و بەگوێرەی دەستور و یاسا بەرکارەکان پێکهێنراون و کارەکانیان ئەنجام دەدەن، هەروەها دادگاکە سکاڵایەکی دیکەشی دژی پارتی دیموکراتی کوردستان رەتکردەوە.

سکاڵاکە دەڵێت دەسەڵاتەکانى هەرێمى کوردستان نادەستورین

عەلی شەداد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە سکاڵایەکەیدا بۆ دادگای فیدڕاڵی باسی لەوەکردبو، دەسەڵاتەکانى هەرێمى کوردستان بەگوێرەی ماددەکانى 5 ،13، 19، 120 و 125ى دەستورى عێراق "نادەستوری"ین، ئەو مادانەش تایبەتن بە جێبەجێکردنى دەستور، دانانى دەستورى هەرێمى کوردستان، گەرەنتیکردنى مافى پێکهاتەکان، سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دادگاکان.

سکاڵاکار مەرجی بەرژەوەندى لە بەرزکردنەوەی سکاڵاکەی تێدا نەبوە

لای خۆیەوە دادگای فیدڕاڵی عێراق هۆکاری رەتکردنەوەی سکاڵاکەی بۆ ئەوە گەڕاندوەتەوە کە کەسی سکاڵاکار مەرجی بەرژەوەندى لە بەرزکردنەوەی سکاڵاکەی تێدا نیە، واتە کەسی سکاڵاکار خۆی سودمەند نییە لە تۆمارکردنی سکاڵاکە و بەرژوەندیی ئەوی تێدا نەبوە.