وەزارەتی ناوخۆ دەستگیرکردنی باندێکی بازرگانیکردن بە گون و گورچیلە رادەگەیەنێت

11:32 - 04/08/2022

2677جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، باندێکی بازرگانیکردن بە جەستەی مرۆڤیان دەستگیرکردوە، کە لەنێوان ئۆکرانیا و عێراقدا کاریان کردوە کە کاری فرۆشتنی گونیان کردوە، دەشڵێت" لەم ماوەیەدا ئۆپراسیۆنەکانی بەرەنگاربونەوەی بازرگانیکردن بە جەستەی مرۆڤ زیادیانکردوە".

هەمو ئەو پێگە ئەلیکترۆنیانەی بۆ ئەو مەبەستە بەکاردەهێنرێن داخراون

عەمید وەسام زوبەیدی، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە و بەرەنگاربونەوەی بازرگانیکردن بە جەستەی مرۆڤ لە کەرخ لەمیانەی بەرنامەی (واجب الصراحه‌)،ی تەلەفیزیۆنی رەسمی عێراقی رایگەیاند،"لە ناوخۆی عێراق و لەدەرەوەی سنورەکانیش چەندین باند هەن بۆ بازرگانیکردن بە ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤەوە، لەماوەی رابردودا وەزارەتی ناوخۆ ژمارەیەک لەو باندانەی دەستگیرکردوە ، جگە لەوەش هەمو ئەو پێگە ئەلیکترۆنیانەی بۆ ئەو مەبەستە بەکاردەهێنرێن داخراون".

 تیمەکانمان لەسەرجەم ئەو نەخۆشخانانەدا بونیان هەیە

ئاماژەی بەوەشکرد،" تیمەکانمان لەسەرجەم ئەو نەخۆشخانانەدا بونیان هەیە، کە ئەندامەکانی جەستەیان تێدادەچێندرێت، لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات لە هەوڵداین بۆ بەرەنگاربونەوەی بازرگانیکردن بە ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤەوە، لەم دواییانەشدا ئۆپراسیۆنەکانمان بۆ ئەو مەبەستە زیادیانکردوە".

نرخی هەر گونێک لە دەرەوەی عێراق دەگاتە 80 هەزار دۆلار و نرخی هەر گورچیلەیەکیش دەگاتە 33 هەزار دۆلار

بە وتەی وەسام زوبەیدی،"نرخی هەر گونێک لە دەرەوەی عێراق دەگاتە 80 هەزار دۆلار و نرخی هەر گورچیلەیەکیش دەگاتە 33 هەزار دۆلار، باندێکی بازرگانیکردنمان بە جەستەی مرۆڤەوە لەنێوان ئۆکرانیا  وعێراق دەستگیرکردوە".