لیلیان لە تەقینەوەکەی بەیروت برینداردەبێت و مافی بینینی کوڕەکەی لێوەردەگیرێتەوە

09:02 - 04/08/2022

3448جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ پێنجشەممە، دو ساڵ بەسەر تەقینەوەکانی بەندەری بەیروت تێدەپەڕێت کە بەهۆیەوە زیاتر لە 200 کەس مردن و زیاتر لە شەش هەزار و 500 کەس برینداربون، لیلیان شحیتۆ، یەکێکە لە قوربانیانی ئەو روداوە کە جگە لەوەی تائێستا لەنەخۆشخانە ماوەتەوە بەهۆی سەختی برینەکانیەوە، بەهۆی کێشەی خێزانییشەوە رێگەی پێنەدراوە کوڕەکەی ببینێت.

 تەنها بۆ ئەوەی کەمێک لە تامەزرۆیی بۆ بینینی بشکێت رۆژانە بوکەڵەیەک دەکاتە ئامێزی

سایتی ئەلعەرەبییە، چیرۆکی لیلیان شعیتۆی گێڕاوەتەوە کە یەکێکە لە قوربانیانی تەقینەوەکانی 4ی(ئاب/8)ی 2020 ی بەندەری لوبنان و رایگەیاندوە،"ئەو جگە لەوەی یەکێکە لە قوربانیانی روداوی تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت، یەکێکە لە قوربانیانی رێگریکردن لە بینینی کوڕە تاقانەکەی بەهۆی بڕیاری هاوسەرەکەیەوە، بەو هۆیەوە تەنها بۆ ئەوەی کەمێک لە تامەزرۆیی بۆ بینینی بشکێت رۆژانە بوکەڵەیەک دەکاتە ئامێزی".

 ئێستا هێدی هێدی دەتوانێت کاردانەوەی بۆ ئەو کەسانە هەبێت کە دێنە ژورەکەی

نەوال شعیتۆ، خوشکی لیلیان باسی لەوەکردوە،"لەدوای روداوی تەقینەوەکەی بەیروت خوشکەکەم بە سەختی برینداربو، ئەو ماوەیەکی زۆر لە بێهۆشیدا مایەوە، دواتر سوپاس بۆخودا هاتەوە هۆش خۆی و ئێستا هێدی هێدی دەتوانێت کاردانەوەی بۆ ئەو کەسانە هەبێت کە دێنە ژورەکەی، دەتوانێت دەستەکانی  و قاچێکی بجوڵێنێت، بەڵام بۆ قسەکردن تەنها دەتوانێت بڵێت" ماما".

لەگەڵ ئەوەی دەزانێت ئەوە بوکەڵەیە، بەڵام رۆژانە لەئامێزی دەگرێت و دەست بە پەلەکانیدا دەهێنێت

ئاماژەی بەوەشکردوە،"لەدوای ئەوەی خوشکەکەم بەئاگا هاتەوە، تێبینیمان دەکرد هەر جارێک سەیری تەلەفیزیۆنی دەکرد و منداڵێک دەهاتە سەر شاشە دەستی دەکرد بە گریان، چونکە بیری کوڕەکەی دەکەوتەوە کە بە بڕیاری هاوسەرەکەی لێی دورخراوەتەوە، لەدوای ئەوەی راوێژمان بە پزیشکەکەی کرد، بڕیارماندا بوکەڵەیەکی بۆ بهێنین و بیکەینە ئامێزی تا ئەو ئازارەی بۆ بینینی کوڕەکەی هەیەتی کەمێک کەم بێتەوە، ئێستا لەگەڵ ئەوەی دەزانێت ئەوە بوکەڵەیە، بەڵام رۆژانە لەئامێزی دەگرێت و دەست بە پەلەکانیدا دەهێنێت".

هاوسەرەکەی ، لەدادگا بە بیانوی ئەوەی توانای بەخێوکردنی کوڕەکەی نییە، مافی بینینی لێوەرگرتوەتەوە

بە وتەی خوشکەکەی لیلیان،"هاوسەرەکەی ، لەدادگا بە بیانوی ئەوەی توانای بەخێوکردنی کوڕەکەی نییە، مافی بینینی لێوەرگرتوەتەوە، هەرجارێک چیرۆکەکەی لە راگەیاندنەکانەوە بڵاودەبێتەوە بەڵێن دەدات، کوڕەکەی بۆ بهێنیت و پاسپۆرتەکەی بداتەوە بەمەبەستی چارەسەر بیبەنە دەرەوەی وڵات، بەڵام تائێستا هیچ کام لە بەڵێنەکانی نەبردوەتە سەر، ئەو چەکی پارە بەکاردەهێنێت لە دژمان، بەرتیل دەداتە کاربەدەستان و دەستوەردان کە لەکەیسەکەدا دەکەن، پارێزەرەکەی یەکیکە لە گەورە سیاسییەکانی لوبنان، ئەوان نایانەوێت لیلیان چاک بێتەوە و جارێکی دیکە کوڕەکەی لە ئامێز بگرێتەوە".


لە رێکەوتی 4ی (ئاب/8)ی 2020 تەقینەوەیەکی بەهێز، بەشێک لە بەندەری بەیروتی هەژاند، کە بەگوێرەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بەهۆی ئاگرگرتنی یەکێک لە کۆگاکانی تەقەمەنی رویداوە کە تێیدا زیاتر لە دو هەزار و700  تەن، ماددەی نیتراتی ئامۆنیۆم تەقیەوە.
تەقینەوەکەی بەیروت جگە لەوەی بوە هۆی مردنی زیاتر لە 200 کەس و برینداربونی زیاتر لە شەش هەزار و 500 کەس، زیانێکی ئابوری گەورە بەر ئەو وڵاتە کەوت.