بەوێنە؛ دوای پەیامەکەی سەدر، هەزاران کەس لەبەردەم پەرلەمان مانگرتن رادەگەیەنن

11:47 - 03/08/2022

4634جار خوێندراوەتەوە


خەندان-
دوای ئەوەی ئەمشەو موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر داوای لە هاوڵاتیان کرد تا جێبەجێکردنی چاکسازی و هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمان لە مانگرتن بەردەوام بن، لەئێستادا هەزاران خۆپیشاندەر جارێکی دیکە بەرەو ناوچەی سەوز بەڕێکەوتون بەمەبەستی بەردەوامیدان بە خۆپیشاندان و مانگرتن.

 داوا دەکات ئەم خولەی پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوە 
ئەمشەو موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر پەیامێکی لەبارەی دۆخی عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو خوازیاری خوێنڕشتن نیە، بەڵام وتوێژیشیان ئەزمونکردوە و هیچ سودێکی نەبوە، بۆیە داوا دەکات ئەم خولەی پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدرێت.
داوا دەکات خۆپیشاندەران بەردەوام بن لە مانەوەیان لەسەر شەقام
ئەوەشی خستەڕو، داوا دەکات خۆپیشاندەران بەردەوام بن لە مانەوەیان لەسەر شەقام و مانگرتن، چونکە باوەڕی وایە گەل لە چینی دەسەڵاتدار بێزار بوە و دانوستانیش لەسەر بەردەوامی ئەو دۆخە رەتدەکاتەوە.
سەرۆکی هاوپەیمانی فەتحی بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ رەوتی سەدر راسپارد
ئەوەش لەکاتێکدایە دوای هەفتەیەکی پڕ لە گرژیی و هاتنەسەر شەقامی لایەنگرانی هەردولا دژی یەکتر، ماوەی چەند رۆژێکە لایەنەکانی پێکهاتەی شیعە هەوڵەکانیان بە ئاڕاستەی گفتوگۆی سیاسی چڕکردوەتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتحی بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ رەوتی سەدر راسپارد.

نیشانەکردن

عێراق