خه‌ندان-
نزار مه‌حمود، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه (ده‌سته‌یه‌كی حه‌وت كه‌سییه و له‌دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی رێكخه‌ری گشتی و ئه‌ندامانی خانه‌ی راپه‌ڕاندن پێكهێنرا)، رایگه‌یاند، پێشنیار هه‌بو به‌ستنی كۆنفرانس له 25ی ته‌موز تێپه‌ڕنه‌كات، به‌ڵام كاره‌كان وه‌كو پێویست نه‌ڕۆشتن، ده‌شڵێت، "له كۆنفرانسدا كشانه‌وه له حكومه‌ت و بابه‌تی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی تاوتوێ ده‌كرێت".
نزار مه‌حمود ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه له لێدوانێكدا له باره‌ی هۆكاری دواكه‌وتنی كۆنفرانسی نیشتیمانی گۆڕان به خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "پێشتر بڕیارێكمان هه‌بو كه سه‌ردانی هه‌مو مه‌كۆكان بكرێت و دو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر ته‌واوبوین و بڕیاره به‌منزیكانه كۆبونه‌وه‌ی جڤاتی نیشتیمانی بكرێت، كه كۆبونه‌وه كرا رۆژی به‌ستنی كۆنفرانس دیاریده‌كرێت، هه‌رچه‌نده پێشتر پێشنیاره‌كان به‌جۆرێك بون كه تا 25ی مانگی (ته‌موز/7) كۆنفرانس بكرێت، به‌ڵام كاره‌كان وه‌كو پێویست نه‌هاته پێشه‌وه".
رای خه‌ڵك و مه‌كۆكان وه‌رگیراوه و رایانوایه كه ئه‌گه‌ر كۆنفرانس بكرێت به‌ڵام چاكسازی نه‌كرێت و بڕیاری كشانه‌وه نه‌درێت ئه‌وا هیچ به‌هایه‌كی نابێت
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، رای خه‌ڵك و مه‌كۆكان وه‌رگیراوه و رایانوایه كه ئه‌گه‌ر كۆنفرانس بكرێت به‌ڵام چاكسازی نه‌كرێت و بڕیاری كشانه‌وه نه‌درێت ئه‌وا هیچ به‌هایه‌كی نابێت، به‌گشتی رایانوابو كه هه‌ڵوێستی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له رابردودا وه‌كو پێویست نه‌بوه، بۆیه له هه‌ڵبژاردندا نه‌توانرا هیچ كورسییه‌ك بهێنن، زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆریان له‌گه‌ڵ چونه ناو حكومه‌ت و به‌ستنی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان نه‌بون، چونكه زیانی له گۆڕان داوه.
ئه‌دای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌م چوار ساڵه‌دا باش نه‌بوه، هه‌رچه‌نده خۆم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دابوم كه بچینه ناو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه
نزار مه‌حمود باسی له‌وه‌شكرد، "به‌رای خۆشم ئه‌دای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌م چوار ساڵه‌دا باش نه‌بوه، هه‌رچه‌نده خۆم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دابوم كه بچینه ناو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، به‌ڵام دیاره ئێمه هه‌ڵه‌بوین و وامانزانی ئه‌وه به‌دڵی ده‌نگده‌ر و له به‌رژه‌وه‌ندیانه و له قازانجی خه‌ڵكی كوردستانه".
له كۆنفراسی گۆڕاندا هه‌ڵبژاردن ناكه‌ین بۆ هیچ كه‌سێك و جیاوازه له كۆنگره‌ی حزبه‌كانی دیكه
په‌یوه‌ست به‌وه‌ی ئایا كۆنفرانسی گۆڕان چی ده‌گۆڕێت، نزار مه‌حمود وتی، "له كۆنفراسی گۆڕاندا هه‌ڵبژاردن ناكه‌ین بۆ هیچ كه‌سێك و جیاوازه له كۆنگره‌ی حزبه‌كانی دیكه، ته‌نها قسه له‌سه‌ر به‌رنامه و په‌یڕه‌و و میكانزمی جێبه‌جێكردنی ده‌كرێت، جاری پێش‌و كه كۆنگره كرا هه‌ندێك به‌رنامه‌ی زۆر باشمان دانا به‌ڵام جێبه‌جێ نه‌كرا، بۆیه جێبه‌جێنه‌كراون چونكه میكانزمێك بۆ جێبه‌جێكردنیان دیارینه‌كراوه و ده‌بێت بابه‌ته‌كان یه‌كلایی بكرێنه‌وه و كاره‌كان دیاری بكرێت كه له رابردودا تێكه‌ڵاوییه‌ك هه‌بوه".
ئێمه ژورێكی یاساییمان هه‌یه به‌پێی ده‌ستوری ناوخۆ ده‌بو هه‌مو كێشه‌كان ئه‌و چاره‌سه‌ری بكات
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "پێویسته له‌م كۆنفرانسه‌دا رێگه‌خۆشبكرێت بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نج بێته پێشه‌وه و سنورێك دابنرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئایا خه‌ڵك له‌ناو گۆڕاندا چه‌ندجار ده‌توانێت خۆی هه‌ڵبژێرێت و كێ لێپرسینه‌وه‌ی لێبكات ئه‌گه‌روانه‌بو، ئێمه ژورێكی یاساییمان هه‌یه به‌پێی ده‌ستوری ناوخۆ ده‌بو هه‌مو كێشه‌كان ئه‌و چاره‌سه‌ری بكات، به‌ڵام به‌داخه‌وه ره‌نگه نه‌یتوانی بێت له‌كاتی خۆیدا چاره‌سه‌ری بكات، چونكه ره‌نگه میكانزمه‌كانی له به‌رده‌ستدا نه‌بوبێت بۆ چاره‌سه‌ركردن، ده‌مانه‌وێت له‌م كۆنفرانسه‌دا ئه‌مه چاره‌سه‌ر بكه‌ین".
له زۆربه‌ی مه‌كۆكان باسی كشانه‌وه له حكومه‌ت و هاوپه‌یمانێتییه‌كان كراوه
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا پێشبینی ده‌كات له‌م كۆنفرانسه‌دا پرسی كشانه‌وه له كابینه‌ی نۆیه‌م تاوتوێ بكرێت، نزار مه‌حمود وتی، "به دڵنیاییه‌وه، چونكه له زۆربه‌ی مه‌كۆكان باسی كشانه‌وه له حكومه‌ت و هاوپه‌یمانێتییه‌كان كراوه كه به‌ستراون له‌ماوه‌ی رابردودا، به‌ڵام ئه‌وه زۆرینه ده‌ور ده‌بینێت كه چ بڕیارێك ده‌درێت".
بزوتنەوەی گۆڕان ساڵی 2009 بە سەرۆکایەتی نەوشیروان مستەفا بە ناوی لیستی گۆڕانەوە بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی 25ی تەمموزی پەرلەمانی کوردستانی کرد، لە کۆی 100 کورسی 25 کورسی بەدەستھێنا و ئه‌وكات بوه دوه‌م هێز له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان.
لەدوای کۆچی دواییکردنی نەوشیروان مستەفا لە 19ی (ئایار/5)ی 2017 گۆران بێ رێکخەری گشتی مایەوە تاوه‌كو لە ھەڵبژاردنی 25ی (تەمموز/5)ی 2017 لە ھەڵبژاردنی ناوخۆییدا عومەری سەید عەلی بە ڕێکخەری نوێی بووتنەوەکە دیاری‌کرا.
لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی په‌رله‌مانی عێراقدا لە ساڵی 2021 بزوتنەوەی گۆران لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان "ھاوپەیمانیی کوردستانیان" دروستکرد پێکەوە لە سەرجەم بازنەکانی پارێزگاکانی کوردستان کاندیدیان دانا، بزوتنەوەکە لە چەند بازنەیەک کاندیدی خۆی دانا، به‌ڵام گۆڕان نه‌یتوانی هیچ كورسییه‌ك به‌ده‌ستبهێنێت، ئه‌وه‌ش یه‌كێك بو له روداوه چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌كان بۆ گۆڕان.
لە کاردانەوەی ئەو شکستە و وەک ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی، رۆژی 13ی (تشرینی یەکەم/10)ی 2021 عومەری سەید علی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەکە دەست لە کارکێشانەوەی خۆیان راگەیاند.