هەواڵی ئەمڕۆ

هەولێر؛ پیاوێک خۆی دەکات بە ژن و فێڵ لە هاوڵاتیان دەکات

06:21 - 31/07/2022

26226جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی ھەولێر رایگەیاند، ئەو کەسەی ماوەی دو رۆژە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەردەکەوێت و باس لەوەدەکات کە لەلایەن براکانیەوە دەرکراوە، پیاوە و خۆی کردوە بە ژن و بەمەبەستی کۆکردنەوەی پارە ئەو کارەی کردوە.

ماوەی دو ڕۆژە لەڕێی چەند میدیا و سۆشیال میدیایەک بانگەشە بۆ فڕێدانی ژنێك دەكرێت

بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی ھەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردوەتەوە،"ماوەی دو ڕۆژە لەڕێی چەند میدیا و سۆشیال میدیایەک بانگەشە بۆ فڕێدانی ژنێك دەكرێت، ‌ كە براكانی فڕێیان داوە، لە گەڕەكی تەیراوە لە سەر شەقامەكان دەمێنێتەوە ئێمەش وەكو ئەركی خۆمان بەدواداچونمان بۆ ئەو کەیسە کردوە و لیژنەیەکی تایبەتمان پێکهێناوە".

ئەو كەسە ژن نییە و پیاوە خۆی كردوە بە ژن

ئاماژەی بەوەشکردوە،"دوای بەدواداچون دەركەوت ئەو كەسە ژن نییە و پیاوە خۆی كردوە بە ژن، فێڵی لە میدیاكاران و هاوڵاتییان كردوە، ویستویەتی لەڕێی ڕاكێشانی هەست و سۆزی هاووڵاتییان پارە كۆ بكاتەوە".

میدیاکاران نەكەونە ژێر كاریگەری ئەو جۆرە كەسانەوە

داوایشیکردوە،"میدیاکاران نەكەونە ژێر كاریگەری ئەو جۆرە كەسانە و هەركاتێك حاڵەتێكی لەو شێوەیە هەبو ئاگادارمان بكەنەوە تا بەدواداچون بكەین".

 ناچاربوە لە کەلاوەیەکی گەڕەکی تەیراوا نیشتەجێ ببێت

ئەمڕۆ یەکشەممە، 31ی(تەمموز/7)2022، بەشێک لە میدیاکان و سۆشیال میدیاکان، گرتە ڤیدیۆی ژنێکیان لە شاری هەولێر بڵاوکردەوە، کە باسی لەوەدەکرد، ماوەی دو مانگە بەهۆی دابیننەکردنی کرێی خانوەکەیەوە، لەلایەن خاوەنی خانوەکەیەوە دەرکراوە و بۆ ماوەیەک لە پارک ماوەتەوە و دواتر لەلایەن پۆلیسەوە دەرکراوە و ناچاربوە لە کەلاوەیەکی گەڕەکی تەیراوا نیشتەجێ ببێت.

 زڕ برای هەیە و دەریان کردوە

ئەو کەسە لە گرتە ڤیدیۆکاندا وتبوی، زڕ برای هەیە و دەریان کردوە، بۆیە هیچ کەسێکی نییە هاوکاری بکات و دوای لە خێرخوازان کردبو بە هانایەوە بچن.