خەندان-
ساڵح محەمەد عێراقی، کەسایەتی نزیک لە موقتەدا سەدر لەبارەی خۆپیشاندانەکان وەڵامی چوارچێوەی هەماهەنگی دایەوە و رایگەیاند، ئەو لایەنانەی لەرێگەی درۆنەوە هێرشدەکەنەسەر هەرێمی کوردستان و ئەنبار و تۆمەتبارانی کوشتنی چالاکوانان داڵدەدەن شکۆی دەوڵەت دەشکێنن نەک ئەوانەی دەیانەوێت دامەزراوەکان بپارێزن و رێگە نادەن گەندەڵی تیایاندا بڵاوببێتەوە.
تەقاندنەوەی درۆنەکان شکۆی دەوڵەت دەشکێنێت، نەک پاراستنی دامەزراوەکان لە گەندەڵی
ساڵح محەمەد عێراقی ئەمڕۆ لە پەیامێکدا باسی لەوەشکردوە، "ئەنجامدانی هێرش و تەقینەوە لەرێگەی درۆنەکانەوە شکۆی دەوڵەت دەشکێنێت، نەک پاراستنی دامەزراوەکان لە گەندەڵی شکۆی دەوڵەت بشکێنێت".
تێکدانی ئاسایشی تائیفی لە کوردستان و ئەنبار شکۆی دەوڵەت دەشکێنێت
ئاماژەی بەوەشکردوە، "تێکدانی ئاسایشی تائیفی لە کوردستان و ئەنبار شکۆی دەوڵەت دەشکێنێت، قاسم موسڵیح (سەرکردەیەکی حەشدی شەعبییە و تۆمەتبارە بە کوشتنی چالاکوانان) لە ئێوە دور نییە، ئەی ئەو لێدوانانەی دزەیان پێوەکرا لە ئێوە دورە؟".
ئاگاداربن لە بانگەوازکردن بۆ تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی
ساڵح محەمەد عێراقی هۆشداری دەداتە چوارچێوەی هەماهەنگی و ئەوەشی خستوەتەڕو، "بۆیە ئاگاداربن لە بانگەوازکردن بۆ تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی، وەک چۆن لە خۆپیشاندانەکان دژی (هەڵبژاردنە ساختەکارییەکانی ئێستا) کردتان، وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکەن."
دەوڵەت و پاراستنی دامەزراوە دەستورییەکانی هێڵی سورن
ئەمڕۆش چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، دەوڵەت و پاراستنی دامەزراوە دەستورییەکانی هێڵی سورن و پێویستە لەسەر هەمو عێراقییەکان ئامادەبن بۆ پارێزگاری لێیان بەشێوەیەکی ئاشتیانە، جەختیش دەکاتەوە چونەسەر دەسەڵاتی دادوەری و پەرلەمان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە پێشێلکارییەکی مەترسیدارە بەرامبەر یاسا و شەرعیەتی دەستوری.