هەڤاڵ ئەبوبەکر: 40 کەرتی جیاوازی سلێمانی، داهاتەکەی لە هەولێر وەردەگیرێت

11:50 - 30/07/2022

4553جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، بە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیان راگەیاندوە هۆکاری نەمانی پارە لە بانکەکانی سلێمانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وەزیرەکان زۆرینەی رەهای دەسەڵاتەکانیان بردوەتەوە بۆ هەولێر و لەم کاتەدا 40 کەرتی جیاوازی سلێمانی، داهاتەکەی لە هەولێر وەردەگیرێت، بۆیە "ئێمە بەدەستی خۆمان نەختینەمان لە سلێمانی نەهێشتوە و دواتریش لایەنە سیاسییەکانی ئێرە تۆمەتبار دەکەین بە دەستکاریکردنی رەسیدی مالی ئەم شارە".

ئەو دەسەڵاتانەی بردویانەتەوە بۆ هەولێر، لەگەڵیدا داهاتی ئەم شارەشیان بردوەتەوە
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر ئەمڕۆ شەممە لەکۆنفرانسێکدا لە دیبەتی ئابوری لە سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، "من لەکۆبونەوەی تایبەتی ئەنجومەنی وەزیرانیشدا باسی ئەوەم کرد، نابێت تەنها هەوڵی بردنەوەی دەسەڵاتەکانیان بدەن بۆ هەولێر، چونکە ئەو بەڕێزانەی ئێمە لەپێشدا وەزیرەکانی یەکێتی و گۆڕان، ئەو دەسەڵاتانەی بردویانەتەوە داهاتی ئەم شارەشیان بردوەتەوە، کاتێک تۆ دەسەڵاتی رەسیدی سوتەمەنی دەبەیتەوە لە هەمو تۆنێک 25 دۆلار دەبیتەوە بۆ ئەوێ، ئەوکاتیش نەختینە لای من نامێنێت".
کاتێک تۆ تۆمارکردنی ناوی بازرگانی ئەبەیتەوە نەختینە لای من نامێنێت، چونکە رسوماتەکەی لە هەولێر دەدرێت
ئەوەشی خستەڕو، "کاتێک تۆ تۆمارکردنی ناوی بازرگانی ئەبەیتەوە نەختینە لای من نامێنێت، چونکە رسوماتەکەی لە هەولێر دەدرێت، کاتێک تۆ لە گۆشتەوە تا فاسۆلیا، گەنم، هێلکە رەسیدەکەی دەبەیتەوە، رسوماتەکەشی دەبەیتە هەولێر، ئێمە بەدەستی خۆمان نەختینەمان نەهێشتوە و دواتریش لایەنە سیاسییەکانی ئێرە تۆمەتبار دەکەین بە دەستکاریکردنی رەسیدی مالی ئەم شارە".
40 بوارم بۆ سەرۆکی حکومەت ژماردوە کە بەهۆی دەسەڵاتەکانەوە لەئێستادا داهاتەکەی لەسلێمانی وەرناگیرێت
پەیوەست بە کەمبونەوەی داهاتی ناوخۆ و هۆکارەکانی پارێزگاری سلێمانی ئەوەشی خستەڕو، دەبێت زۆر بە وردی توێژینەوە لەسەر ئەو بابەتە بکرێت، چونکە ئەوان 40 بواریان بۆ سەرۆکی حکومەت ژماردوە کە بەهۆی دەسەڵاتەکانەوە لەئێستادا داهاتەکەی لەسلێمانی وەرناگیرێت، هەروەها لە ساڵی 2020دا داهاتی پارێزگای سلێمانی 16 تریلیۆن دینار بوە، حەوت ترلیۆن دیناری نەختینە بوە و زیاتر لە نۆ ترلیۆن دیناری تەنها ژمارە بوە، کەواتە "سلێمانی چۆن توشی کورتهێنانی دارایی نابێت و بانکەکانی تۆ چۆن پارەیان تێدا دەبێت."