خەندان-
هەرچەندە چوارچێوەی هەماهەنگی بە فەرمی داوایکردبو سبەی شەممە پەرلەمانی عێراق بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کۆببێتەوە، بەڵام ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمان رایدەگەیەنێت، تائێستا سەرۆکایەتی پەرلەمان هیچ کارنامەیەکی کۆبونەوەی بڵاونەکردوەتەوە و بەوهۆکارەش سبەی شەممە ھیچ دانیشتێک ئەنجام نادرێت.
تائێستا سەرۆکایەتی پەرلەمان هیچ کارنامەیەکی بڵاونەکردوەتەوە
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەیەکەیان هیچ کۆبونەوەیەکی ئەنجامنەداوە و لەبارەی کۆبونەوەی سبەی شەممە هیچ بڕیارێک نەدراوە، بەوهۆیەش کە تائێستا سەرۆکایەتی پەرلەمان هیچ کارنامەیەکی بڵاونەکردوەتەوە، بۆیە کۆبونەوەی چاوەڕوانکراوی سبەی دواخراوە.
پێش هەر کۆبونەوەیەکی پەرلەمان بە 48 کاتژمێر سەرۆکایەتی پەرلەمان کارنامەکەی بڵاودەکاتەوە
ئاماژەی بەوەشکرد، پێش هەر کۆبونەوەیەکی پەرلەمان بە 48 کاتژمێر سەرۆکایەتی پەرلەمان کارنامە و وادەی دەستپێکی کۆبونەوەکە رادەگەیەنێت، دەسەڵاتی کۆبونەوەش لەلای لیژنەی یاسایی نیە، بەڵکو ئەو دەسەڵاتە لەلای سەرۆکایەتی پەرلەمانە.
ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر داوامانکردبو کورد کاندیدی خۆی بۆ ئەو پۆستە دیاریبکات
پەیوەست بە کۆبونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریش کە چوارچێوەی هەماهەنگی داوایکردبو سبەی شەممە ئەنجام بدرێت، دارا سێکانیانی وتی، ئەوان وەک فراکسیۆنە کوردستانییەکان ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر داوایانکردبو کورد کاندیدی خۆی بۆ ئەو پۆستە دیاریبکات و بە رێککەوتن لە کۆبونەوەیەکی پەرلەماندا دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام لەئێستادا بەهۆی ناکۆکی چوارچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدر لەسەر کاندیدی سەرۆک وەزیران، پرسی کۆبونەوەی پەرلەمانیش بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار تائێستا وادەکەی دیارینەکراوە.
داوایکرد رۆژی شەممە کۆبونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەڕێوەبچێت
27ی ئەم مانگە چوارچێوەی هەماهەنگی نامەیەکی فەرمی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کرد و داوایکرد رۆژی شەممەی داهاتو (30ی تەمموز) کۆبونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەڕێوەبچێت.