خه‌ندان-
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بڕیاربو هه‌مو 25ی مانگێك دابه‌شكردنی موچه ده‌ستپێبكات، به‌ڵام تا ئێستا ده‌ست به دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی (ته‌موز/7) نه‌كراوه، سه‌رچاوه‌یه‌ك له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت، هۆكاری دواكه‌وتنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه پاره‌ی فرۆشراوی نه‌وت نه‌گه‌یشتوه‌ته سه‌ر هه‌ژماری وه‌زاره‌تی دارایی.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له گه‌نجینه‌كانی پارێزگای سلێمانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه به خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "تاوه‌كو ئه‌مڕۆ هیچ فه‌رمانێكمان له‌باره‌ی دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی (ته‌موز/7) به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتوه، به‌ڵام به ئه‌گه‌رێكی زۆره‌وه پێده‌چێت هه‌فته‌ی داهاتو بڕیاری له‌باره‌وه بدرێت".
تازه دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی (حوزه‌یران/6) كۆتایی هاتوه
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، دیارنیه هۆكاری دواكه‌وتنی موچه‌ی ئه‌م مانگه چیه، به‌ڵام تازه دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی (حوزه‌یران/6) كۆتایی هاتوه، كه به‌هۆی نه‌بونی سیوله‌وه له بانكه‌كانی پارێزگای سلێمانی دواكهوتبو.
هه‌مو مانگێك ئه‌و وه‌زاره‌ت و شوێنانه كه ده‌مێنن ده‌بێت له داهاتی رۆژانه بدرێت بۆیه تاوه‌كو پاره‌كه كۆده‌كرێته‌وه چه‌ند رۆژێكی پێویسته
له‌باره‌ی دوباره‌بونه‌وه‌ی دواكه‌وتنی دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له پارێزگای سلێمانی، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی خه‌ندان وتی، "پاره‌ی زۆرینه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به نه‌قدی ده‌گات كه پاره‌ی نه‌وت و سه‌رچاوه‌كانی دیكه‌یه، به‌ڵام هه‌مو مانگێك ئه‌و وه‌زاره‌ت و شوێنانه كه ده‌مێنن ده‌بێت له داهاتی رۆژانه بدرێت بۆیه تاوه‌كو پاره‌كه كۆده‌كرێته‌وه چه‌ند رۆژێكی پێویسته".
هه‌فته‌ی داهاتو ده‌ست ده‌كرێت به دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران
هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌ك له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی دابه‌شكردنی موچه‌ی ئه‌م مانگه، به خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "هه‌فته‌ی داهاتو ده‌ست ده‌كرێت به دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، به ئه‌گه‌رێكی زۆره‌وه ئه‌گه‌ر رۆژی یه‌كشه‌ممه 31ی مانگ دابه‌شنه‌كرێت ئه‌وا رۆژی دوشه‌ممه (1ی ئاب) ده‌ست به دابه‌شكردنی موچه ده‌كرێت".
پاره‌ی فرۆشراوی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان نه‌گه‌یشتبوه سه‌ر هه‌ژماری وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری
له‌باره‌ی هۆكاری دواكه‌وتنی دابه‌شكردنی موچه، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه وتی، "پاره‌ی فرۆشراوی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان نه‌گه‌یشتبوه سه‌ر هه‌ژماری وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری، بۆیه چه‌ند رۆژێك دابه‌شكردنی موچه دواكه‌وتوه".
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ دابه‌شكردنی موچه پشت به پاره‌ی فرۆشتنی نه‌وت، داهاتی ناوخۆ (داهاتی نانەوتی)، هاوکاری هاوپەیمانان و 200 ملیار دیناره‌كه‌ی بەغدا ده‌به‌ستێت، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ڵێت، بەهۆی پابەندنەبونی بەغداوه بە ناردنی 200 ملیاره‌كه لەکاتی خۆیدا ناتوانن بەشێوەیەکی جێگیر پشت بەو سەرچاوە داهاتە ببەستن و له‌مساڵدا ته‌نها یه‌كجار 200 ملیار دیناره‌كه ره‌وانه‌كراوه، مانگانه‌ش پێویستیان به 909 ملیار دینار بۆ موچه و 132 ملیار دیناری دیكه‌ش بۆ نەسرییە و بودجەی بەکاربردن و پڕۆژەکان هه‌یه.