خهندان-
د. حسێن رابی، مامۆستای بەشی فیزیا لە کۆلێژی زانستی زانکۆی سلێمانی رایگهیاند، لوتکەی داهێنانەکانی مرۆڤ لە بواری تەکنەلۆژی، ئەندازیاری و میکانیکییەوە لە تەلسکۆبی جەیمس وێبدا بەکارهێنراوە، دەتوانێت بەشێوەی خودکاریانە خۆی چاکبکاتەوە بەبێ دەستوەردانی مرۆڤ.
د. حسێن رابی ئهمڕۆ چوارشهممه لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "تەلسکۆبی هەبڵ تەنها 500 کیلۆمەتر لە زەویەوە دورە زانایان دەتوانن لە زەویەوە بچن هەر کەموکوڕی و کێشەیەکی هەبێت چارەسەر بکەن، بەڵام تەلسکۆبی جەیمس وێب ملیۆنێك و 500 هەزار کیلۆمەتر لە دوری زەویە، کە ئەستەمە مرۆڤ بگات بەو دوریە، بۆیە تەلسکۆبەکە وادرستکراوە کە بەشێوەیەکی خودکار دەتوانێت هەر کێشەیەکی هەبێت خۆی خۆی چاکبکاتەوە و هەمو پرۆسەکان ئەنجامبدات، چونکە لوتکەی ئەو زانست و داهێنانانەی کە مرۆڤ لە بواری تەکنەلۆژیادا پێیگەیشتوە لەو تەلسکۆبەدا بەکارهێنراوە".
هاوێنەکانی تەلسکۆبی جەیمس وێب بە ماددەی ئاڵتون روپۆشکراون چونکە ئاڵتون باشترین وەرگری تیشکی ژێر سورە
ئاماژهی بهوهشكرد، هاوێنەکانی تەلسکۆبی جەیمس وێب بە ماددەی ئاڵتون روپۆشکراون چونکە ئاڵتون باشترین وەرگری تیشکی ژێر سورە، لەرێگەی تەلسکۆپی جەیمس وێبەوە دەتوانرێت زۆرترین وردەکاری لەسەر هەریەکه لە گەلە ئەستێرەکان لە روی پێکهاتە و ئەو گازانەی لێی پێکهاتون و شێوازی چەمانەوەیان ئاشکرا بکرێت.
ئەرکێکی دیکەی تەلسکۆبی جەیمس وێب بریتییە لەوەی بەدوای ئەو هەسارانەدا بگەڕێت کە لەزەوی دەچن و بۆ ژیان گونجاون
مامۆستاكهی بەشی فیزیای زانکۆی سلێمانی باسی لهوهشكرد، ئەرکێکی دیکەی تەلسکۆبی جەیمس وێب بریتییە لەوەی بەدوای ئەو هەسارانەدا بگەڕێت کە لەزەوی دەچن و بۆ ژیان گونجاون، چونکە لە ماوەی ملیارێك ساڵی دیکە ئەم هەسارەیەی ئێستا لەسەر دەژین لەناودەچێت، لە یەکەم شتیش کە تەلسکۆبەکە بەدوایدا دەگەڕێت لە گەردوندا بریتییه لە بونی ئاو، چونکە ژیانی مرۆڤ بەندە لەسەر بونی ئاو.
فیزیای تیۆری بە لوتکەی زانستەکان دادەنرێت و گەورەترین زاناکانی فیزیا ئەو زانایانەن کە زانای فیزیای تیۆری بون بە تایبەت گەردون ناسەکان
ئهوهشی خستهڕو، ئەرکێکی دیکەی تەلسکۆبەکە تاقیکردنەوەی فیزیای تیۆریە، کە فیزیای تیۆری بە لوتکەی زانستەکان دادەنرێت و گەورەترین زاناکانی فیزیا ئەو زانایانەن، کە زانای فیزیای تیۆری بون بە تایبەت گەردون ناسەکان ئەم تەلسکۆبە تاقیکردنەوە دەکات بۆ تیۆرەکانی تێگەیشتن لە گەردون و هەڵسەنگاندنی ئەو تیۆریانە و راستکردنەوەی ئەو تیۆریانەی کە هەڵەن.
12ی (تهموز/7)ی ئهمساڵ به بهشداری جۆو بایدن، سهرۆكی ویلایهته یهكگرتوهكانی ئهمریكا و بهشێك له ئهندامانی ئیدارهكهی، ئاژانسی نیشتمانی بۆ فڕینهكانی بۆشایی ئاسمانی ئهمریكا (ناسا) یهكهمین وێنهی تێلسكۆپی جهێمس وێب-ی
بڵاوكردهوه، كه یهكەم وێنهی گهردونه و گەلە ئەستێرەیەکی بە ناوی (SMACS 0723) و بۆ پێش 13 ملیار ساڵ بهر له ئێستا دەگەڕێتەوە.