وەرگرتنی ڤیزای شنگن رادەگیرێت

10:54 - 23/07/2022

18052جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەهۆی زۆری خواست لەسەر وەرگرتنی ڤیزا بۆ سەردانیکردنی ئەوروپا دوای کەمکردنەوەی رێکارەکانی کۆرۆنا، لەئێستادا ئەو کەسانەی داوای وەرگرتنی ڤیزای شنگن دەکەن هیچ وادەیەکیان بۆ چاوپێکەوتن بۆ دانانرێت، چاوەڕێش دەکرێت داواکاری ئەو کەسانە تا ناوەڕاستی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ رابگیرێت.

باڵیۆزخانەکان ناتوانن وەڵامی ئەو داواکارییە زۆرەی هاوڵاتیان بدەنەوە 
ماڵپەڕی شنگن نیوز لە هەواڵێکدا باسی لەوەكردوە، بەرپرسانی 26 دەوڵەتی ناوچەی شنگن جەخت دەکەنەوە کە تا مانگی ئەیلول و ئاب ڤیزای نوێ نادرێت بەو کەسانەی خواستی ئەوەیان هەیە سەردانی ئەوروپا بکەن، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە باڵیۆزخانەکان ناتوانن وەڵامی ئەو داواکارییە زۆرەی هاوڵاتیانی دەرەوەی ناوچەی شنگن بدەنەوە بۆ وەرگرتنی ڤیزا.
ژمارەی ئەو ڤیزایانەی باڵیۆزخانەکان دەتوانن دەریبکەن مانگانە ژمارەیەکی دیاریکراوە
ئاماژەی بەوەشكردوە، ژمارەی ئەو ڤیزایانەی باڵیۆزخانەکان دەتوانن دەریبکەن مانگانە ژمارەیەکی دیاریکراوە،  بۆیە زۆرینەیان تا ناوەڕاستی مانگی ئەیلول هیچ وادەیەکی چاوپێکەوتن بۆ ئەو کەسانە دیاریناکەن کە لەئێستادا داواکاری بۆ وەرگرتنی ڤیزای شنگن پێشکەش دەکەن.
هاوڵاتیانی دەرەوەی ناوچەی شنگن ڕو لە مالیزیا، تورکیا، تایلاند و میسر دەکەن
ماڵپەڕەکە ئەوەشی خستوەتەڕو، بەو هۆکارەش زۆرێک لە هاوڵاتیانی دەرەوەی ناوچەی شنگن بیر لەوە دەکەنەوە، گەشتەکانیان لەم وەرزەدا بۆ وڵاتانی دیکە ئەنجام بدەن و خواستیان لەسەر گەشتکردن بۆ مالیزیا، تورکیا، تایلاند، میسر و چەند وڵاتێکی دیکە هەیە.
دەتوانن بۆ ماوەی 90 رۆژ لە هەر وڵاتێکی ناوچەی شنگن بمێننەوە
ئەو کەسانەی ڤیزای شنگن وەردەگرن، دەتوانن بۆ ماوەی 90 رۆژ لە هەر وڵاتێکی ناوچەی شنگن بمێننەوە، ئەم ڤیزایە بۆ گەشتیاری یان  بۆ ئەنجامدانی کار بە هاوڵاتیان دەدرێت.

نیشانەکردن

ئەوروپا عێراق