خه‌ندان-
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، گه‌مارۆی سه‌ر سلێمانی قورستربوه‌ته‌وه، به‌جۆرێك نه‌ك ته‌نها پاره بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران نیه، به‌ڵكو ماوه‌ی پێنج رۆژه پاره بۆ كڕینی به‌نزینی ئه‌مبوڵانسه‌كانی ته‌ندروستیش نه‌ماوه.
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نوسیویه‌تی، "ئابڵوقه‌و گه‌مارۆدانی ئیداره‌ی سلێمانی به ئه‌ندازه‌یه‌ك قورسه، پاره نیه به‌نزین بۆ ئیسعاف بكڕن، تائێستا به‌شێك له موچه‌خۆرانی ئیداره‌ی سلێمانی موچه‌ی مانگی پێشویان وه‌رنه‌گرتوه".
داھاتی نه‌وت 500 ملیۆن دۆلاره بۆ موچه، ده‌بێت له داھاتی ناوخۆ، نزیكه‌ی 100 ملیۆن دۆلار بدرێت
راشیگه‌یاندوه، "داھاتی نه‌وت 500 ملیۆن دۆلاره بۆ موچه، ده‌بێت له داھاتی ناوخۆ، نزیكه‌ی 100 ملیۆن دۆلار بدرێت، له‌م بڕه ئیداره‌ی سلێمانی ده‌بێت 43 ملیۆن بدات و ھه‌ولێر 57 ملیۆن دۆلار، به‌ڵام ئێستا ئیداره‌ی سلێمانی ده‌ڵێت، ناتوانم ئه‌م پاره دابین بكه‌م".
سه‌رجه‌م به‌نداو، پرۆژه‌ی ئاو، ڕێگاوبان، شاره‌وانی، ته‌ندروستی و كڕینی ده‌رمان له سنوری ئیداره‌ی سلێمانی وه‌ستاون
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح ئاشكراشیكردوه، "سه‌رجه‌م به‌نداو، پرۆژه‌ی ئاو، ڕێگاوبان، شاره‌وانی، ته‌ندروستی و كڕینی ده‌رمان له سنوری ئیداره‌ی سلێمانی وه‌ستاون، ته‌نانه‌ت له 14ی ئه‌م مانگه‌وه پاره نه‌بوه به‌نزین بۆ ئۆتۆمبێلی فریاكه‌وتن (اسعاف) بكڕن، به‌قه‌رز تێێ ده‌كه‌ن، بۆیه ئه‌م كێشه چاره‌سه‌ر نه‌كرێت مانگی ئاینده گرفتی موچه‌و ڕاگرتنی خزمه‌تگوزاری زۆر گه‌وره‌تر ده‌بێت".
چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌یه به‌جۆرێك ده‌بێت كه حكومه‌ت به‌رپرس بێت له كۆكردنه‌وه‌ی داھاتی ھه‌مو پارێزگاكان
سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ری دۆخه‌كه‌ش، عه‌لی حه‌مه‌ساڵح ده‌ڵێت، "چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌یه به‌جۆرێك ده‌بێت كه حكومه‌ت به‌رپرس بێت له كۆكردنه‌وه‌ی داھاتی ھه‌مو پارێزگاكان و به‌دادپه‌روری دابه‌شبكرێت، ئه‌م دو ئیداریه‌و گه‌مارۆدانه‌ی سلێمانی و ھه‌ڵه‌بجه‌و ئیداری گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین كۆتایی بێت".