سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: 25ی مانگ دەست بە دابەشکردنی موچە دەکرێت

09:14 - 17/07/2022

42326جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هەرچەندە تائێستا بەشێک لە وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی موچەی مانگی حوزەیرانیان وەنەرگرتوە، بەڵام سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم رایگەیاند، رۆژی 25ی ئەم مانگە دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی تەمموز دەکرێت.

 25ی ئەم مانگە دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی تەمموز دەکرێت
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، وەزارەتی دارایی و ئابوری بڕیاریداوە هاوشێوەی مانگەکانی پێشوتر، لە 25ی ئەم مانگەدا دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی تەمموز بکرێت.
گەنجینەکان ئاگادار دەکرێنەوە بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ لیستی موچە بکەن
ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند رۆژی داهاتودا گەنجینەکان ئاگادار دەکرێنەوە بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ لیستی موچەی مانگی تەمموز بکەن.
 بەشێک لە وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکان لە سلێمانی موچەی مانگی حوزەیرانیان وەرنەگرتوە
ئەوەش لەکاتێکدایە لەئێستادا بەشێک لە وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکان لە سلێمانی موچەی مانگی حوزەیرانیان وەرنەگرتوە، هەرچەندە بڕیاربو ئەمڕۆ فەرمانبەرانی ئەو وەزارەتانە موچە وەربگرن، بەڵام ئەمڕۆش موچەکانیان دابەشنەکرا.    
ئەوەی لە میدیادا باس دەکرێت ئەوە نیە کە لە واقیعدا هەیە
17ی ئایاری ئەمساڵیش هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین بە خەندان-ی راگەیاند، لەکۆبونەوەیاندا لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەبارەی نەبونی سیولە لە بانکەکانی سنوری سلێمانی، رونیانکردوەتەوە کە پێشتر بەهاتنی 200 ملیارەکە لە بەغدا ئەو فشارە نەدەکەوتەسەر داهاتی ناوخۆ بۆ تەواوکاری موچە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەمساڵدا تەنها دوجار 200 ملیارەکە هاتوە  ئەوەش بەشێکی هۆکاری کورتهێنانی داهات بو بۆ دابەشنەکردنی موچە، بەشێکی دیکەش ئەوەیە داهاتی ناوخۆ ژمارەیەک داهاتی سنوردارن و بەئاسانی زیاد و کەم ناکرێن، بۆیە لە کۆبونەوەکەدا هەمو لایەنەکان گەیشتنە ئەو باوەڕەی ئەوەی لە میدیادا باس دەکرێت ئەوە نیە کە لە واقیعدا هەیە.

نیشانەکردن

موچە فەرمانبەران