خه‌ندان-
شاره‌زایانی بواری ئابوری ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه رایانگه‌یاند، دوهۆكاری سه‌ره‌كی هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له ئێستادا به‌های دۆلار و یۆرۆ هاوتابن، ئه‌وانیش پاشماوه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و جه‌نگی ئۆكرانیا و كاریگه‌رییه‌كانیه‌تی له‌سه‌ر ته‌واوی جیهان، ده‌شڵێن، "زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م ئه‌وروپا و به‌كاربه‌رانی یۆرۆیه و قازانجكاری یه‌كه‌میش ئه‌مریكایه".
به‌پێی تۆڕی هه‌واڵی ABC News، شاره‌زایانی بواری ئابوری ئه‌مڕۆ له راپۆرتێكدا بڵاویانكده‌وه، له ئێستادا هاوتایی دۆلار و یۆرۆ به‌مانه‌ی ئه‌وه دێت كه هه‌ریه‌كه له‌و دو دراوه به یه‌ك به‌ها له بازاڕه‌كاندا مامه‌ڵه‌یان پێوه ده‌كرێت.
ئاماژه‌یان به‌وه‌شكردوه، دو هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی دۆلار و یۆرۆ هاو به‌هابن، ئه‌وانیش پاشماوه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌سه‌ر ئابوری جیان و دوه‌م به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت و وزه له بازڕه‌كانی جیهاندا.
پاشماوه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنا له یه‌كه‌مین رۆژی بڵاوبونه‌وه‌یه‌وه
پاش بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا (COVID-19) به‌شێوه‌یه‌كی زۆر راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئابوری ته‌واوی وڵاتانی وه‌ك ئه‌وروپا، روسیا و ئه‌مریكا به‌شێوه‌یه‌كی زۆر دروستكرد به‌هۆی ئه‌وه‌ی یه‌كێكبون له‌و وڵاتانه‌ی كه پشتیان به به‌رهه‌مهێنانی ڤاكسینه‌كه‌كان و ژه‌مه یاریده‌ده‌ره‌كان ده‌به‌ست و هه‌رخۆشیان سه‌رچاوه‌ی توێژینه‌وه و به‌دواداچون و توێژینه‌وه‌كان بون بۆیه پاره‌یه‌كی زۆریان له‌و نێوه‌نده‌دا ته‌رخانكرد، چونكه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ژه‌مه ڤاكسینانه‌ی كه بۆ هاوڵاتیان دابینیانكردبو هیچ بڕه پاره‌یه‌ك له‌به‌رامبه‌ردا بونی نه‌بو، تا ئێستاش ئه‌و كاریگه‌ریانه له‌سه‌ر ژیرخانی ئابوری و سه‌رمایه‌ی وڵاتانه‌وه بونی ماوه و تا ئێستاش وڵاتان له‌ژێر ئه‌و كارگه‌ریانه‌یاندا ده‌رنه‌چون.
جه‌نگی ئۆكرانیا و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر ته‌واوی جیهان
له 24ی (شوبات/2)ی ئه‌مساڵدا، به فه‌رمانی راسته‌وخۆی ڤلادیمیر پوتن، سه‌رۆكی روسیا له ژێر ناوی ئۆپراسۆنی "پاراستنی ناوچه‌كانی دۆنباس" هێرشێكی به‌رفراوانی كرده سه‌ر ئۆكرانیا و له پاش ته‌نها چوار رۆژ ڤۆڵۆدمیر زلێنسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا بڕیاری وه‌ڵامدانه‌وه‌ی مۆسكۆی جێبه‌جێكرد، پاش ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه‌ی له رێكخراوی هاوپه‌یمانی باكوری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ) به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و شان به‌شانی یه‌كێتی ئه‌وروپا پشتگیری خۆیانیان بۆ ئۆكرانیا دوپاتكرده‌وه ئه‌مه‌ش بوه هۆی ئه‌وه‌ی روسیا به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ وزه‌ی نه‌وت و غازی وڵاته‌كه‌ی بۆ یه‌كێتی ئه‌وروپا رابوه‌ستێنێت.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا پشت پێبه‌ستنێكی ته‌واوی به غازی روسیا هه‌بو، كۆتاییپێنان به‌و رێكه‌وتنانه به‌شێوه‌یه‌كی خێرا قه‌یرانی به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی به‌نزین و غازی له ته‌واوی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا دروستكرد، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بڕیاریدا غازی وڵاته‌كه‌ی بۆ ئه‌وروپا بگوازێته‌وه و له ئێستاشدا كه به‌رزترین نرخی نه‌وت 101 دۆلاره و هه‌وڵه‌كانی جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكا له پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی فشاره ئابورییه‌كان به‌رده‌وامیان هه‌یه و ده‌یه‌وێت له رێگه‌ی وڵاتانی خاوه‌ن نه‌وتی زۆره‌وه چاره‌سه‌ری نه‌وت و غازی جیهان بكات و قه‌یرانه‌كان كۆتاییان پێبێت.
بانكی ناوه‌ندی و هاوڵاتیانی ئه‌وروپا زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌من له هاوتایی نرخی دۆلار و یۆرۆ
هه‌روه‌ها به‌شێوه‌یه‌كی گشتیش له‌م به‌هایه هاوتایه‌ی ئێستادا زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م ئه‌و هاوڵاتیانه‌ن كه به یۆرۆوه مامه‌ڵه ده‌كه‌ن، چونكه ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی كه دۆلار به‌كارده‌به‌ن ده‌توان له‌گه‌ڵ سه‌ردانكردنیان بۆ ئه‌وروپا خواردن و پاره‌یه‌كی زۆر كه‌متر خه‌رج بكه‌ن، هه‌ر ئه‌م هۆكاره‌شه كه واده‌كات وڵاتانی ئه‌وروپا له به‌رامبه‌ر به‌های دراوه‌كه‌یان بیر له هاورده‌كردنی شمه‌ك بۆ وڵاته‌كه‌نیان بكه‌نه‌وه و ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ی كه به‌شێوه‌یه‌ی به‌رده‌وام به‌ره‌مهێنان ده‌كه‌ن له ئه‌وروپا براوه‌ی یه‌كه‌می ئه‌م هاوتاییه ده‌بن، بانكی ناوه‌ندی ئه‌وروپاش یه‌كه‌مین زه‌ره‌رمه‌ندی ئه‌م هاوتاییه نرخی دۆلار و یۆرۆ ده‌بێت چونكه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی نرخی نه‌وت به دۆلاره و قازانجی یه‌كه‌م بۆ ئه‌مریكا و به‌كاربه‌رانی دۆلاری ئه‌مریكییه.