سێ "هەڕەشەی گەورە" لەسەر هەرێمی کوردستان ئاشكرا ده‌كرێت

02:19 - 17/07/2022

36020جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لە ئێستادا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت موچە دابینبکات بەهۆی بەرزی نرخی نەوتەوەیە نەک بەهۆی ئەنجامدانی چاکسازی، روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و کۆتاییپێهێنان به‌ قۆرخکاری کۆمپانیاکانی حزب، ده‌شڵێت، "سێ هەڕەشەی گەورە لەسەر هەرێمی کوردستان هه‌ن، ئەوانیش هەژاری، بێکاری و بێئاوییە".

عومەر گوڵپی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "سێ هەڕەشەی گەورە لەسەر هەرێمی کوردستان هه‌ن، ئەوانیش هەژاری، بێکاری و بێئاوییە، ئەگەر بەمجۆرە حکومەت بەردەوام بێت سێ ساڵی دیکە هەرێمی کوردستان لە بەسرە و بەغداد و پارێزگاکانی باشوری عێراق خراپتری لێدێت".

حكومه‌ت باجێكی زۆری به‌نایاسایی سه‌پاندوه‌، هەر کارتێکی ئینتەرنێت کە دەفرۆشرێت 20% باجی دەچێتەسەر
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، حكومه‌ت باجێكی زۆری به‌نایاسایی سه‌پاندوه‌، هەر کارتێکی ئینتەرنێت کە دەفرۆشرێت 20% باجی دەچێتەسەر، بە ڕێژەیە%80ی هاوڵاتیان ئینتەرنێت بەکاردەهێنن، کە %80ی ئەو ڕێژەیەش لە چینی گەنجانن، بەپێی ئەو بڕیارە لایەنیکەم هەرکارتێکی ئینتەرنێت دو بۆ سێ هەزار دەچێتە سەر، ئەم بڕیارە هیچ پاڵپشتییەکی یاسای نیە و بارگرانیەکی دیکە لەسەر هاوڵاتیان دروست دەکات، چونکە ئەو باجە راستەوخۆ دەبێت هاوڵاتی بیدات نەک لە قازانج و داهاتی کۆمپانیاکان وەربگیرێت.
بۆ وەرگرتنی ئەم باجە حکومەت بەپێی یاسای بوجەی حکومەتی عێراق مامەڵەدەکات 
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ باسی له‌وه‌شكرد، "بۆ وەرگرتنی ئەم باجە حکومەت بەپێی یاسای بوجەی حکومەتی عێراق مامەڵەدەکات لەکاتێکدا کە یاسایەک لە پەرلەمانی عێراق دەربچێت تا لە کوردستان بەرکارنەکرێت جێبەجێ ناکرێت، بۆچی تەنها یه‌ك بڕگەی یاسای بوجەی عێراق کە لە زیانی هاوڵاتیانە جێبەجێی دەکەن؟ بۆچی ئەو یاسایانەی کە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانە جێبەجێی ناکەن بۆ نمونە یاسای خانەنشینی یەکگرتو، کە لە قازانجی هاوڵاتیانە جێبەجێی ناکەن كه‌ له‌ كوردستان كه‌مترین موچه‌ی خانه‌نشینان 220 هه‌زار و له‌ به‌غدا 400 هه‌زار دیناره‌".
باجێکی دیکە لە کە بڕیارە وەربگیرێت باجی راستەوخۆی سەر وەسڵی نەخۆشخانەکانه‌، کە ئەمیشیان هیچ یاسایەک نییە پشتگیری بکات
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "باجێکی دیکە لە کە بڕیارە وەربگیرێت باجی راستەوخۆی سەر وەسڵی نەخۆشخانەکانه‌، کە ئەمیشیان هیچ یاسایەک نییە پشتگیری بکات، دەبێت هەر وەسڵێکی نەخۆشخانەی تایبەت بری 5% داهاتەکەی وەک باج بۆ حکومەت بێت، کە دەبێتە بارگرانییەکی دیکە بۆ هاوڵاتیان و نەخۆشەکان، چونکە لە دیاریکردنی نرخی نەخۆشخانە تایبەتەکان هیچ پێوەرێکی زانستیانەی نیە بۆ دیاریکردنی نرخەکان و هیچ میکانیزمێکیش نیە بۆ بەدواداچونی ئەم پارەیە دەستەبەری دادپەروەری بکات".

رونیشیكرده‌وه‌، باجی سەر ڕێستۆرانت، خواردنگەکان و شوێنە گەشتیاریەکان کە تائێستا 70 چێشتخانە، هۆتێل و مۆتێل پێیەوە پابەندبون بوه‌تەهۆی کەمبونەوەی موشتەری و فرۆشیار، چونکە بێجگە لەوەی %20ی باج لە هاوڵاتی وەردەگیرێت لە هەمانکاتدا ساڵانە باجیش لە خاوەن شوێنەکە وەردەگیرێن.