لیژنه‌ی ئاماده‌كاری بۆ "نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو" زانیاری نوێ بڵاوده‌كاته‌وه‌

10:48 - 14/07/2022

7683جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

لیژنه‌ی ئاماده‌كاری بۆ "نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو" رایگه‌یاند، له‌سه‌ر داواكاری موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در سبه‌ینێ نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو به‌ به‌شداری زیاتر له‌ ملیۆنێك هاوڵاتی ئه‌نجامده‌درێت و هه‌مو رێوشوێنێكی پێویستیش گیراوه‌ته‌به‌ر.
 
لیژنه‌ی ئاماده‌كاری بۆ "نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو" له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، له‌ شه‌قامی فه‌لاح له‌ناوچه‌ی سه‌در نوێژی یه‌كگرتو ئه‌نجامده‌درێت به‌هۆی زۆری ژماره‌ی نوێژخوێنانیشه‌وه‌ ناوچه‌كانی نزیك له‌و شه‌قامه‌ ده‌توانرێت به‌كاربهێندرێت.

 شه‌قامی مزگه‌وتی موحسن و نوسینگه‌ی سه‌در به‌س نین بۆ ئه‌نجامدانی نوێژی یه‌كگرتو

وتیشی، "شه‌قامی مزگه‌وتی موحسن و نوسینگه‌ی سه‌در به‌س نین بۆ ئه‌نجامدانی نوێژی یه‌كگرتو، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ژماره‌ی نوێژخوێنان به‌درێژایی شه‌قامی فه‌لاح تا ده‌گاته‌ شه‌قامی سه‌ده‌ نوێژ ئه‌نجامبده‌ن، چونكه‌ تا ئێستا زیاتر له‌ ملیۆنێك نوێژخوێن له‌ باشوره‌وه‌ تا باكوری عێراق ئاماده‌ن به‌شداری بكه‌ن". 

ته‌نها ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ زیاتر له‌ 500 هه‌زار كه‌س گه‌یشتونه‌ته‌ به‌غدای پایته‌خت

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، ته‌نها ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ زیاتر له‌ 500 هه‌زار كه‌س گه‌یشتونه‌ته‌ به‌غدای پایته‌خت، زیاتر له‌ 100 هه‌زار نوێژخوێنی دیكه‌ش له‌ پارێزگاكانی به‌سڕه‌ و زیقاڕ و میسانه‌وه‌ به‌ڕێگاوه‌ن و تا ئێستا نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ به‌غدا.

به‌گوێره‌ی میدیاكانی عێراق، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی سوپا و پۆلیس له‌گه‌ڵ سه‌رایاسه‌لام باڵی سه‌ربازیی ره‌وتی سه‌در، له‌ شه‌قام و ده‌روازه‌كانی ناوچه‌ی سه‌در بڵاوه‌یانپێكراوه‌ و رێوشوێنی ئه‌منی توندیان له‌ناو شاره‌كه‌ و ده‌وروبه‌ری گرتوه‌ته‌به‌ر. 

نیشانەکردن

موقته‌دا سه‌در