به‌های یۆرۆ به‌رامبه‌ر به‌ دۆلار نزمترین ئاستی تۆماركرد

05:56 - 13/07/2022

11600جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

به‌های دراوی ئه‌وروپی كه‌ یۆرۆیه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ بۆ خوار ئاستی دۆلار دابه‌زی، ئه‌مه‌ش بۆ یه‌كه‌مجاره‌ له‌ماوه‌ی 20 ساڵی رابردودا كه‌ به‌های یۆرۆ كه‌متر بێت له‌ دۆلار.
 
به‌گوێره‌ی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی جیهانی، ئه‌مڕۆ به‌های یه‌ك یۆرۆ بۆ 1.0026 دۆلار دابه‌زی و به‌ڵام دواتریش به‌های زیاتر دابه‌زینی به‌خۆیه‌وه‌ بینی به‌جۆرێك یه‌ك دۆلار به‌رامبه‌ره‌ به‌  0.9999 یۆرۆ.

دراوی ئه‌وروپا به‌هۆی ترسی پاشه‌كشه‌ی ئابوری له‌ ناوچه‌ی یۆرۆ روبه‌ڕوی فشاری زۆر بۆته‌وه‌

دراوی ئه‌وروپا به‌هۆی ترسی پاشه‌كشه‌ی ئابوری له‌ ناوچه‌ی یۆرۆ روبه‌ڕوی فشاری زۆر بۆته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ قه‌یرانی وزه‌ به‌رده‌وامه‌ و چاوه‌ڕوانی زیادكردنی ڕێژه‌ی سوی بانكی ناوه‌ندی ئه‌وروپا ده‌كرێت له‌ كۆبونه‌وه‌ی داهاتوی مانگی ئه‌م مانگه‌دا.

یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی دابه‌زینی به‌های یۆرۆ له‌به‌رامبه‌ر دۆلار، بۆ خراپی دۆخی ئابوری وڵاتانی ئه‌وروپا و زیادبونی نرخی كاڵاو شتومه‌ك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، شاره‌زایانی ئابوریش، هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌و قه‌یرانه‌ ئابوریه‌شی روبه‌ڕوی ئه‌وروپا بوه‌ته‌وه‌ بۆ شه‌ڕی ئۆكرانیا و روسیا و سه‌پاندنی پاكێجه‌كانی سزا به‌سه‌ر مۆسكۆ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌.

نیشانەکردن

دراو