هەواڵی ئەمڕۆ

بانكی ناوه‌ندی: هیچ پلانێكمان نیه‌ له‌داهاتودا گۆڕانكاری له‌ به‌های دینار به‌رامبه‌ر به‌دۆلار بكه‌ین

11:34 - 10/07/2022

3768جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

بانكی ناوه‌ندی عێراق ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، هیچ پاساوێك نییه‌ بۆ گۆڕینی به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر به‌ دیناری عێراقی، هه‌روه‌ها پلانێكی دورمه‌وداش نیه‌ تا له‌ داهاتودا گۆڕانكاری له‌ به‌های دینار بكه‌ین، بارودۆخی ئابوری پێوه‌رێكی سه‌ره‌كییه‌ بۆ گۆڕینی به‌های دراوه‌كان. 

عه‌ممار خه‌ڵه‌ف، جێگری پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی له‌ لێدوانێكدا به‌ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی راگه‌یاند، "نرخی دۆلار له‌ ئێستادا به‌ بۆچونی ئێمه‌ وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی دراو، هیچ پاساوێك نییه‌ بۆ گۆڕینی، گۆڕینی نرخی دراوه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتی دراودا ده‌مێنێته‌وه‌ و به‌پێی بارودۆخه‌كه‌".

له‌ماوه‌ی ساڵانی 2004 تاوه‌كو ئێستا، نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر به‌دینار زیاتر له‌ جارێك گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتوه‌

وتیشی،"له‌ماوه‌ی ساڵانی 2004 تاوه‌كو ئێستا، نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر به‌دینار زیاتر له‌ جارێك گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتوه‌، به‌پێی بارودۆخه‌كه‌ زیاد و كه‌می كردوه‌". 

هیچ پلانێكمان نیه‌ له‌ داهاتودا بۆ گۆڕینی نرخی به‌های دینار به‌رامبه‌ر به‌ دۆلار

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "بارودۆخی ئابوری بنه‌مای سه‌ره‌كییه‌، هه‌روه‌ها هیچ پلانێكیشمان نیه‌ له‌ داهاتودا بۆ گۆڕینی نرخی به‌های دینار به‌رامبه‌ر به‌ دۆلار، جا دوای 3-5 ساڵی دیكه‌ش بێت، جگه‌ له‌وه‌ش بارودۆخی ئابوری دیاریده‌كات كه‌ بڕیاری گونجاو چییه‌ كه‌ له‌و كاته‌دا به‌پێی پێویستیه‌كانی وڵات".

به‌های دراوه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی دراودایه‌ و له‌ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌تی بانكی ناوه‌ندییه‌

عه‌ممار خه‌ڵه‌ف باسی له‌وه‌شكرد، به‌های دراوه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی دراودایه‌ و له‌ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌تی بانكی ناوه‌ندییه‌، كاتێك ده‌بینێت كه‌ پێویستییه‌ك هه‌یه‌، بیر له‌ گۆڕینی به‌های دینار ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا هیچ پاساوێك نییه‌ و پێویستی به‌ ده‌ستكاریكردن نییه‌.

ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، سیاسه‌تی دراو، یه‌كێك له‌ سوده‌كانی ره‌چاوكردنی دۆخی گشتیه‌، گونجاویش نییه‌ به‌خێرایی و له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا گۆڕانكاری له‌ نرخی دراو بكرێت چونكه‌ بازاڕه‌كان تێكده‌دات و ئابوری وڵات لاواز ده‌كات.

نیشانەکردن

دراو