مه‌لا هه‌ڵۆ حه‌مه‌ڕه‌شید لە دیداری خەندان باسی قوربانیكردن و نیشانەکانی ئاخر زەمان دەکات

09:45 - 08/07/2022

18023جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

هه‌ڵۆ حه‌مه‌ڕه‌شید، مامۆستای ئایینی له‌باره‌ی قوربانیكردن رایگه‌یاند، ئەوەی دەوترێت کە گۆشت و خوێنکراوەتە رەمزی قوربانیكردن راست نیە چونکە نە گۆشتی نە خوێنی ناگات بە خوای گەورە، ئەوەی دەگات بە خوای گەورە تەقوای مرۆڤەکانە، بۆیە ئینسان ئەگەر هەزاران ئاژەڵ سەرببڕێت و مەبەستی رشتنی خوێن و گۆشت خواردن بێت و تەقوای دڵەکەی لەگەڵدا نەبێ، قبوڵ نیەو وەرناگیرێت، دەشڵێت، "نیشانە بچوکەکانی ئاخرزەمان وەکو نەمانی عیلمی شەرعی، نەمانی عولەما، بڵاوبونەوەی فەسادو بەدڕەوشتی هاتونەتەدی و ئێستا مۆڵەت دراوە و دەتوانرێت لە نێوان دو ماڵدا مەلهایەک هەبێت".

مامۆستا هه‌ڵۆ حه‌مه‌ڕه‌شید له‌ به‌رنامه‌ی دیداری خه‌ندان، كه‌ رۆژنامه‌نوس هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د ئاماده‌و پێشكه‌شی ده‌كات، له‌باره‌ی قوربانیكردن رایگه‌یاند، "قوربانیكردن ته‌نها تایبه‌ت نیه‌ به‌ ئایینی ئیسلامی و خوای په‌روه‌ردگار له‌ قورئاندا ده‌فه‌رموێت هه‌مو ئومه‌تێك قوربانی و سه‌ربڕینمان بۆ داناوه‌، له‌ ئاده‌مه‌وه‌ تاوه‌كو ئه‌مڕۆ كه‌ ئێمه‌ ده‌ژین و ئومه‌تی ئاخرزه‌مانین، ئه‌گه‌ر ته‌ماشای زانایانی ئیسلامی بكه‌یت ده‌بینیت بۆمان ده‌گێڕنه‌وه‌ كه‌ هابیل و قابیل قوربانیان كردوه‌، وه‌كو یه‌كه‌م كوڕی ئاده‌م به‌ڵام دواتر ئه‌م قوربانیه‌ ده‌شێوێت، له‌ ئاژه‌ڵه‌وه‌ ده‌بێت به‌ ئینسان، له‌سه‌رده‌می ئیبراهیمدا (سه‌لامی خوای له‌سه‌ر بێت) ئه‌م شێواندنه‌ راستده‌كرێته‌وه‌ و دوباره‌ ده‌بێته‌وه‌ به‌ ئاژه‌ڵ، چونكه‌ خوای گه‌وره‌ ئه‌مری به‌ ئاژه‌ڵ كردوه‌ و به‌شتی دیكه‌ی نه‌كردوه‌، ئه‌گه‌ر دیقه‌تی ئایینی مه‌سیحیه‌ت و جوله‌كه‌ بدەیت ئه‌وانیش قوربانیان هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت له‌ كۆندا له‌ ئایینی جوله‌كه‌دا سه‌ربڕینی مانگای سور و سوتاندنی و تێكه‌ڵاوكردنی خۆڵه‌مێشه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئاو و هه‌ڵسوینی له‌ خۆت پاكبونه‌وه‌یه‌ له‌ تاوان، حاڵه‌تی دیكه‌یان هه‌یه‌ كه‌ بۆ لێخۆشبونی تاوانه‌، كه‌سی تاوانبار ده‌بێت مریشك ئه‌گه‌ر ژن بێت ئه‌گه‌ر پیاوبێت كه‌ڵه‌شێر یان مه‌ڕ یان بزن سه‌رببڕێت تاوه‌كو خوا لێیان خۆشببێت".

 ئیسلامی هاتوه‌ قوربانیكردنی رێكخستوه‌ و دیاریشیكردوه‌، خستویه‌تیه‌ یه‌ك رۆژه‌وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی یه‌هودی و نه‌سرانییه‌كانه‌وه‌ كه‌ به‌ به‌رده‌وامی ده‌یان كرد
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئیسلامی هاتوه‌ قوربانیكردنی رێكخستوه‌ و دیاریشیكردوه‌، خستویه‌تیه‌ یه‌ك رۆژه‌وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی یه‌هودی و نه‌سرانییه‌كانه‌وه‌ كه‌ به‌ به‌رده‌وامی ده‌یان كرد بۆ لێخۆشبون له‌ تاوان، له‌ ئایینی ئیسلامدا كراوه‌ته‌ یه‌ك كاته‌وه‌ كه‌ چوار رۆژ و سێ شه‌وه‌ و بە (أیام التشریق و أیام نحر) ناسراوه‌ له‌ ئیسلامدا و تایبه‌تیشیكردوه‌ به‌ چه‌ند ئاژه‌ڵێكه‌وه‌، كه‌ وشتر، مانگا و گامێش و مه‌ڕو بزنه‌، ئیسلام ته‌مه‌نێكی دیاریكراوی بۆ داناوە كه‌ له‌ ئاینه‌كانی پێشوتردا نه‌بوە، كه‌ پێغه‌مبه‌ر (د.خ) ده‌فه‌رموێ، ده‌بێت ددانی شیری ئاژه‌ڵه‌كه‌ كه‌وتبێت و ددانه‌كانی تری ده‌هاتبێتن كه‌ له‌ وشتردا دوای پێنج ساڵ و له‌ مانگادا دوای دو ساڵ و له‌ بزندا دوای یه‌ك ساڵ و له‌ مه‌ڕیشدا دوای شه‌ش مانگه‌، به‌مشێوه‌یه‌ رێكخرا بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك سودی لێببینێت و هاوکات زه‌ره‌ریش نه‌گه‌یه‌نێت به‌ سامانی ئاژه‌ڵ و وه‌كو خۆی بمێنێته‌وه‌.
 ئەو کەسانە فرمێسک بۆ ئاژەڵەکان دەڕێژن، خۆیان بە جۆرەها چەک خاوەنی ئاژەڵەکانیش لەناودەبەن
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی كه‌ ده‌وترێت قوربانیكردن هه‌نگاوێكی بێبه‌زه‌ییانه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئاژه‌ڵ، مامۆستا هه‌ڵۆ حه‌مه‌ڕه‌شید باسی له‌وه‌كرد، "خوا گه‌وره‌ له‌ قورئاندا كه‌ باسی مرۆڤ ده‌كات ده‌فه‌رموێ، (وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آدَمَ وَحَمَلْنَاهُمْ فِي الْبَرِّ وَالْبَحْرِ وَرَزَقْنَاهُم مِّنَ الطَّيِّبَاتِ وَفَضَّلْنَاهُمْ عَلَىٰ كَثِيرٍ مِّمَّنْ خَلَقْنَا تَفْضِيلًاا) دەفەرموێت ئینسان پێش هەمو شتێک رێزمان لێناوەو فەزڵیمان داوە بەسەر هەمو بونەوەرەکانی دیکەدا و دەفەرموێ هەرچی دروستکردوە بۆ خزمەتی ئینسان دروستکراوە، کە بۆ خزمەتی ئینسان دروستکراوە بۆچی بێبەزەییە؟ نازانم بۆچی ئەو کەسانە فرمێسک بۆ ئاژەڵەکان دەڕێژن، خۆیان بە جۆرەها چەک خاوەنی ئاژەڵەکانیش لەناودەبەن، ئینسان تەکلیف و لێپرسینەوەشی لەسەرە، ئەو ئاژەڵە رامکراوە بۆ ئەوەی بەکاریبهێنیت، خوای گەورە ئینسانی بۆ ئاژەڵ دروستنەکردوە بەڵکو ئاژەڵی بۆ ئینسان دروستکردوە، ئەو ئاژەڵە نە تەکلیفی لەسەرەو نە لێپرسینەوەش، ئەوانەی کە وادەڵێن وەکو بڵێی گۆشت ناخۆن! ئەمانە کێشەیان لەگەڵ دیندا هەیە ئەگینا بەزەییان بە ئاژەڵدا نایەتەوەو راست ناکەن".
ئەوەی کە دەوترێت کە گۆشت و خوێنکراوەتە رەمز ئەوە راست نیە چونکە نە گۆشتی نە خوێنی ناگات بە خوای گەورە
لەوەڵای ئەو پرسیارەی ئایا گۆشت و خوێن کراوەتە رەمزی قوربانیکردن لە ئایینی ئیسلامدا؟، ئەگەروانیە بۆچی ناتوانرێت بەروبومی کشتوکاڵی بکرێتە قوربانی؟ مامۆستا هه‌ڵۆ حه‌مه‌ڕه‌شید وتی، "ئەوەی کە دەوترێت کە گۆشت و خوێنکراوەتە رەمز ئەوە راست نیە چونکە نە گۆشتی نە خوێنی ناگات بە خوای گەورە، ئەوەی دەگات بە خوای گەورە تەقوای ئێوەیە، بۆیە ئینسان ئەگەر هەزاران ئاژەڵ سەرببڕێت و مەبەستی رشتنی خوێن و گۆشت خواردن بێت و تەقوای دڵەکەی لەگەڵدا نەبێ، قبوڵ نیەو وەرناگیرێت، بابەتی دانەوێڵەش، قوربانیکردن سونەتە و ئەوە شتانەشی کە پەیوەستە بە قوربانیکردن هەموی سونەتە وەکو مو لە خۆکردنەوە کە هەندێک کەس وا تێگەیشوە ئەوانە فەرزە، بەڵام ئێمە لە دانەوێڵەدا بەخشینی فەرزمان هەیە و خوای گەورە دەفەرموێ کە دروێنەتان کردو پێچاتانەوە ئێوە بەخشیەنەکە دەربکەن وەکو زەکات بیدەن ئەمە فەرزە، ئەم جۆرە نیعمەتانەی خوا گەورە لە هەمیا خێرو سەدەقاتی بۆ مرۆڤ داناوە تەنانەت وشەیەکی خێر کە دیکەیت بۆ خەڵک خێرە و زەدەخەنە بەدەم براکەتەوە سەدەقەیە".
 عەبدایەتی من لەوەدایە کە وەکو عەبد تەسلیمی فەرمانەکانی ببم و جێبەجێی بکەم، نەک دابنیشین ئەمەی بۆ و ئەمە بۆ؟، ئەمە یەهود وای دەکرد
ئەوەشی خستەڕو، "ئێمە وەکو موسوڵمان خوای گەورە دروستکەرمانە و ئەو بەدیهێناوین لە نەبونەوەو ئەو کاروباری ئێمە دەبات بەڕێوەو موڵکی ئەویشین بە خۆمان و زەوی ئاسمانەکان و ئەوەی لە نێوانیایەتی، خوای گەورە موڵکی ئێمە نیە تاوەکو ئێمە بیدەیەن بەر پرسیار، خوای گەورە هاوتای ئێمەش نیە تاوەکو ئێمە بیدەینە بەر پرسیار، ئینسان کە تێنەگەیشت لە مەفهومی خوداو دروستکراو ئەو بەراوردکاریە دەکات و کردارەکانی خودا و فەرمان و قەدەغەکانی خودا دەداتە بەر پرسیار، عەبدایەتی من لەوەدایە کە وەکو عەبد تەسلیمی فەرمانەکانی ببم و جێبەجێی بکەم، نەک دابنیشین ئەمەی بۆ و ئەمە بۆ؟، ئەمە یەهود وای دەکرد، پێغەمبەر موسا هەرچیەکی دەکرد دەیوت بۆ خوا وایوت بۆ خوا واینەکرد، ئێمە ئەوەمان نیە، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی دروستبونی ئەو تەوژمە ئیلحادیەی کە لە جیهاندا هەیە لەلایەن غەیری موسوڵمانانەوە کۆمەڵێک پرسیار دەکرێت، چونکە ئەقڵ بە نەقد لێی دەدرێت تاوەکو دەستەمۆ دەکرێت هەروەکو چۆن جەستەش لێیدەدرێت تاوەکو دەستەمۆ دەکرێت، بەداخەوە کۆمڵێک موسوڵمانی نەزانیش پێیان هەڵخەڵەتاون کاوێژ بەم قسانەی ئەوان دەکەوەو دەیڵێنەوە". 
قوربانی هەر دەکرێت، ئەو رۆژەش نایەتە پێشەوە فەقیر لەسەر زەوی نەمێنێت، هەر دەمێنێت
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا قوربانیکردن بۆ ئەوەیە کە فەقیر نەمێنێت، واتا ئەگەر فەقیر نەما قوربانی ناکرێت؟ مامۆستا هه‌ڵۆ حه‌مه‌ڕه‌شید وتی، "قوربانی هەر دەکرێت، ئەو رۆژەش نایەتە پێشەوە فەقیر لەسەر زەوی نەمێنێت، هەر دەمێنێت، هەندێکجار دەوترێت نرخی قوربانیەکە بدرێت بەو کەسانیە کە پێداویستی گرنگیان هەیە باشترە لەوەی کە قوربانیەکە بکەیت، ئێمە باسمان کرد قوربانی عیبادەتێکەو خوای گەورە دیاریکردوە، لەسەردەمی پێغەمبەریشدا (د.خ) فەقیر و هەژار هەبو بەڵام پێغەمبەر (د.خ) فەرمانی دەکرد قوربانی بکەن نەیدەوت بڕۆن بیگۆڕن، بەڵام ئەوانەی کە نەخۆشن و هەژارن کێیە کە دەستگیرۆییان دەکات؟ هە ئەوانە نین کە دەچن بۆ حەج و عەمرەو قوربانی دەکەن؟ با هەر ئەوانن، ئێمە عیلمانیەکان دەبینین کە پارەکانیان لە ئۆتۆمبێل، مێزو مەشروب خواردنەوەو ڤێلاو شوقەکانیان و سەفەرو سیاحەتیاندایە بۆ دەرەوە، لەگەڵ هێنانی لەشفرۆش و ئامادەبون لە ئاهەنگەکان و هیچیش نادەن بە فەقیرو هەژارو لەولاشەوە بە من وتۆ دەڵێن بۆ نایدەن بە فەقیر".
لەسەر ئینسانی موسوڵمان واجبە کە دراوسێکەی برسی بێت تێری بکات، بەڵام واجب نیە لەسەری کە قوربانی کرد بۆی ببات
مامۆستا هه‌ڵۆ حه‌مه‌ڕه‌شید دەڵێت، "لەسەر ئینسانی موسوڵمان واجبە کە دراوسێکەی برسی بێت تێری بکات، بەڵام واجب نیە لەسەری کە قوربانی کرد بۆی ببات، ئەگەر دروسێکەی نەخۆش بو سەردانی بکات ئەوە حەقە لەسەر موسوڵمان، ئەو ئەجرەشی لەسەر هاوکاری موسوڵمان دانراوە لەسەر قوربانی دانەنراوە چونکە قوربانی سونەتە بەڵام هاوکاریکردنی دراوسێ کە پێویستی بە تۆیە فەرزە لەسەرت و ئەگەر پشگوێی بخەیت عقوبە دەدرێیت، پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێ، ئیمانی نیە ئەو کەسە بەمن کە خۆی شەو بەسەردەبات و تێرەو دراوسێکەشی برسییە، ئەو کەسەی دەستگیرۆیی بێهاوژینێک دەکات لەگەڵ دەستگیرۆییکردنی بێباوکێکدا وەکو موجاهیدێک وایە لەپێناو سەرخستنی دینەکەیدا بەڵام نەیوتوە کەسێک کە قوربانی دەکات وەکو کەسێک وایە کە موجاهید دەکات لەپێناو سەرخستنی دینەکە خوادا، بردنی گۆشتیش بۆ فەقیر دابینکردنی گرنگترین پێداویستیە خۆراکییەکانیەتی، چونکە هیچ خۆراکێک ناگات بەو گۆشتەو هەر خۆراکێکیش گۆشتی تیابێت گرانترە لەو خۆراکانەی کە گۆشتیان تیا نیە".
نیشانەکانی ئاخر هاتونەتەدی وەکو نەمانی عیلمی شەرعی، نەمانی عولەما، بلاوبونەوەی فەسادو بەدڕەوشتی
لەبارەی نیشانەکانی رۆژی دوایی، مامۆستا هه‌ڵۆ حه‌مه‌ڕه‌شید دەڵێت، "نیشانەکانی ئاخر زەمان دو بەشە، نیشانەی بچوک و گەورەی هەیە، گەورەکان هێشتا هیچی نەهاتوەتەدی بەڵام بچوکەکان هیچی نەماوە نەیەتەدی، مەگەر کۆمەڵێک نیشانە نەبێت کە لەگەڵ گەورەکاندا رودەدەن، ئەوانەی کە پێغەمبەر (د.خ) باسیکردون هاتونەتە دی وەکو نەمانی عیلمی شەرعی، نەمانی عولەما، بلاوبونەوەی فەسادو بەدڕەوشتی، مۆڵەت دراوەو ئێستا دەتوانرێت لە نێوان دو ماڵدا مەلهایەک هەبێت، پێغەمبەر (د.خ) فەرمویەتی ئاخرزەمان نایەت هەتاوەکو خەڵک لەسەر جادەکان بە حەرامی کاری سێکسی دەکەن، ئەمڕۆ ئەمە بە چاوەکانی خۆمان دەبینین و هەیە، لەسەرجادەکان بە ئاشکرا تابلۆی بۆ هەڵواسراوەو ریکلامی بۆ دەکرێت و خەڵکی بۆ لا بانگ دەکرێت و لە سۆشیال میدیاشدا دەیبینین کە رەواجیان پێدەدرێت و پێش دەخرێن".