لیزا فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی: ئه‌وه‌ی له‌ سلێمانی روده‌دات ره‌هه‌ندی دارایی و كه‌مته‌رخه‌می حكومه‌تی له‌پشته‌وه‌ نیه‌

04:53 - 06/07/2022

2030جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

لیزا فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی ئه‌ندام له‌ لیژنه‌ی دارایی و كاروباری ئابوری په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، هیچ بیانویه‌ك نیه‌ له‌ بانكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بوترێت پاره‌ی پێویست بۆ موچه‌ نیه‌، چونكه‌ له‌ئێستادا له‌ سلێمانی ڕوده‌دات هیچ ڕه‌هه‌ندێكی دارایی و كه‌مته‌رخه‌می حكومه‌تی له‌پشته‌وه‌ نییه‌ و ئه‌م بابه‌ته‌ جێگه‌ی پرسیاری هه‌مومانه‌.

لیزا فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، له‌م مانگه‌دا له‌ 50%ی داهاتی نه‌وتی فرۆشراو بۆ وه‌زاره‌تی دارایی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كه‌بڕه‌كه‌ی 500 ملیۆن دۆلاره‌، له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا به‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی داهاتی نانه‌وتی توانراوه‌ ڕێژه‌ی داهاتی ناوخۆی ھه‌رێمی كوردستان به‌رزبكرێته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی قسه‌كانی وه‌زیری دارایی هه‌رێم بۆ ئه‌م مانگه‌ داهاتی نانه‌وتی 268 ملیار دینار بوه‌ 

راشیگه‌یاندوه‌، "به‌گوێره‌ی قسه‌كانی وه‌زیری دارایی هه‌رێم بۆ ئه‌م مانگه‌ داهاتی نانه‌وتی 268 ملیار دینار بوه‌ و یه‌ك ملیار دۆلاریش قه‌رز دراوه‌ته‌وه‌ و له‌  شه‌ش مانگی ئه‌مساڵدا موچه‌ مانگانه‌ دابه‌شكراوه‌، هه‌روه‌ها موچه‌ پاشه‌كه‌تكراوه‌كانیش كراونه‌ته‌ قه‌رز له‌سه‌ر حكومه‌ت، كه‌وایه‌ ئیتر هیچ بیانویه‌ك نییه‌ كه‌ نه‌ له‌ هه‌ولێر و نه‌ له‌ دهۆك و  نه‌ له‌ سلێمانی بوترێت بانكه‌كان پاره‌ی پێویستیان نییه‌ بۆ پێدانی موچه‌".

هه‌ركاتێك بابه‌تێكی سیاسی دێته‌ پێشه‌وه‌ موچه‌خۆرانی سنوری سلێمانی و به‌تایبه‌ت خانه‌نشینان ده‌كرێنه‌ قوربانی

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "ئه‌وه‌ی له‌ئێستادا له‌ سلێمانی ڕوده‌دات هیچ ڕه‌هه‌ندێكی دارایی و كه‌مته‌رخه‌می حكومه‌تی له‌پشته‌وه‌ نییه‌ و ئه‌م بابه‌ته‌ جێگه‌ی پرسیاری هه‌مومانه‌ و به‌تایبه‌ت بۆ دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی و مافی خۆیانه‌ بپرسن بۆ؟!، به‌داخه‌وه‌ هه‌ركاتێك بابه‌تێكی سیاسی دێته‌ پێشه‌وه‌ موچه‌خۆرانی سنوری سلێمانی و به‌تایبه‌ت خانه‌نشینان ده‌كرێنه‌ قوربانی".

خه‌ڵكی پایته‌ختی ڕۆشنبیری هۆشیارن و باش له‌وه‌ تێده‌گه‌ن كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم پاره‌ی پێویستی بۆ موچه‌ له‌ بانكه‌كان بۆ مسۆگه‌ركردون

ده‌شڵێت، "خه‌ڵكی پایته‌ختی ڕۆشنبیری هۆشیارن و باش له‌وه‌ تێده‌گه‌ن كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم پاره‌ی پێویستی بۆ موچه‌ له‌ بانكه‌كان بۆ مسۆگه‌ركردون، ئه‌وه‌ی ئاشكرایه‌ هه‌وڵێكی تێكده‌رانه‌ هه‌یه‌ و به‌ دروستكردنی ئه‌م جۆره‌ فشارانه‌ له‌ خه‌یاڵی خۆیان ده‌یانه‌وێت خه‌ڵك چه‌واشه‌ بكه‌ن و زیان به‌ حكومه‌ت بگه‌ینن و خه‌ڵكی لێ ناڕازی بكه‌ن، موچه‌خۆران و خانه‌نشینانیش دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌ وه‌كو هه‌میشه‌ له‌ ئه‌ركی خۆمان به‌رده‌وام ده‌بین و چاودێری میكانیزمی دابه‌شكردنی موچه‌ ده‌كه‌ین و له‌هه‌ر كه‌موكورتییه‌ك كه‌ دێته‌ پێش بێ هه‌ڵوێست نابین".

نیشانەکردن

موچە